رۆڵی ترەمپ لە تەقینەوەی دۆخی كشمیر

:: PM:05:01:10/08/2019 ‌

هەفتەی رابردوو تەنگژەی هەرێمی كشمیر لە نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆمی پاكستان و هیندستان پەرەسەندنێكی گەورە و مەترسیداری بەخۆیەوە بینی كە زۆریك لە چاودێران بەدووریان نەزانی دۆخەكە بەرەو هەڵگیرسانی چوارەم جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە پەرە بستێنێت، ئەوكاتەی هیندستان فەرمانڕەوایی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كشمیری هیندستانی زۆرینەی سوننە و لایەنگری پاكستانی هەڵوەشاندەوە و خستییە ژێر فەرمانڕەوای راستەوخۆی نیودلهی.

ئەو بڕیارەی هیندستان ژیانی ملیۆنان كەسی لەو هەرێمە سەراوژێر كرد و ئێستە رێوشوێنێكی توندی تەناهی لەوێ وەرگیراوە، كاتێك هێزەكانی هیندستان هوتێل و فەرمانگەكانی حكوومەتیان چۆڵ كرد و زیاتر 500 سیاسەتوانی هەرێمەكەیان خستە گرتووخانەوە و حكوومەتی هیندستان هێڵەكانی تەلەفۆن و ئینتەرنێتی لە ناوچەكە پچڕاند و دەیان هەزار سەربازیشی بۆ ناوچەكە رەوانە كرد و تەڵدڕی بە شەقامەكان بڵاو كردەوە. 

بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵی دووكانەكان و نەخۆشخانەكان بۆ چوار رۆژ لەسەر یەك لە هەرێمی كشمیر دەرگەكانیان داخست و ئێستە خەڵكەكە لە ناو ماڵەكانیان ماونەتەوە و كەمتر دەچنە دەرەوە، وەك رادیۆی "غەد"ی ئەمەریكی پەخشكراو بە زمانی فارسی باسی كردووە.

كشمیر تاكە هەرێمە لە هیندستان كە خاوەن زۆرینەیەكی دانیشتوانی موسڵمانە و زۆرینەی خەڵكەكەشی بەرهەڵستكاری حكوومەتی هیندستان دەكەن و داوای چوونە سەر پاكستان دەكەن، لەوكاتەی هێزە جیاخوازەكانی كشمیر لە 1989ەوە دەستیان بە خەباتی چەكداری بۆ جیابوونەوە لە هیندستان كردووە.

بەهۆی ئاڵۆزی چەند ساڵەی دۆخی كشمیرەوە، پارتی گەلی هیندستان، كە پارتی فەرمانڕەوایە لەو وڵاتە هەفتەی رابردوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دۆخی كشمیری دا و بەوەش رێگەی بۆ كۆچكردن لە هەموو ویلایەتەكانیتری هیندستان بەرەو كشمیر و وەبەرهێنان تیایدا كرد.

بەرپرسێكی دیاری پارتی گەلی هیندستانی بەر لە مانگێك پلانێكی ئەو وڵاتەی ئاشكرا كردبوو بە دروستكردنی كۆمەڵگەی جێنشینی هیندستانی و مەزەوەكانیتری هیندی لە هەرێمی كشمیر، بۆیە لەسایەی ئەو گۆڕانكارییەی هەفتەی رابردوو دۆخی هەرێمەكە زۆرێك لە دانیشتوانی ناوچەكە پێیان وایە كە حكوومەتی هیندستان سەرقاڵی گۆڕاكاریەیكی رێكخراوی دیمۆگرافییە و بە رێگەوەیە بۆ كردنی كشمیر بە هەرێمێكی زۆرینەی هیندستانی و هەر كەس و لایەنێكی كشمیری بەرهەڵستی ئەوە بكات، دەگیرێت.

پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ بۆچی حكوومەتی هیندستان ئێستە ئەو هەنگاوەی هاوێشت؟، راستییەكەی ئەو رێوشوێنە لەگەڵ بەڵێنەكانی ناراندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستان یەك دەگرێتەوە لە هەڵبژاردنی دواییدا كە وای كرد لە هەڵبژاردنەكە بیباتەوە. ئەو توانی قەناعەت بە حزبە نیشتیمانییەكانی هیمدستان بكات بەوەی بڕیاری ئۆتۆنۆمی لە كشمیر لە ماوەی ساڵانی رابردوو تەنیا داوای جیاخوازی زیاتری ئەوان و توندوتیژی و هەڵگەڕانەوەی بەدوای خۆیادا هێنا، بۆیە وا باشترە كە رەوتێكی تر بۆ بەڕێوەبەردنی ئەو ناوچانە بگیرێتە بەر.

ئاغای شوكلا شرۆڤەكاری بەرگری لە نیودلهی لەو بارەوە دەڵێت، ئێستە قارتی فەرمانڕەوا لە هیندستان هەوڵی رازیكردنی هیندییەكان دەدات بۆ هێرشكردنە سەر هەر شتێكی پێوەست بە موسڵمانەكان و پارێزگاریكردن لە پڕكردنی سندووپەكانی دەنگانەوە.

ئەو هەنگاوەی هیندستان هەروەها هاوكاتە لەگەڵ چەند هاوكێشەیەكی سیاسی دەرەكی لە ناوچەكە و پەرەسەندنی خواستەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ میانگیری لە نێوان هیندستان و پاكستان و سووربوونی لەسەر ناچاركردنی هیندستان بۆ پابەندبوون بە هەڵسوكەوتی باشتر لە مامەڵەكردن لەگەڵ كەمینەی موسڵمان لەو وڵاتەدا.

ترەمپ رای گەیاند كە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی لە ئەفغانستان كاری لە پێشینەی ئەوە لە ناوچەكە، بەشێوەیەك ئەمەریكا بتوانێت 14 هەزار سەربازی خۆی بۆ خاكی خۆی بكێشێتەوە و بەوەش ترەمپ دەتوانێت رەزامەندی زۆرینەی ئەمەریكاییەكان بەدەست بێنێت و دەنگی زیاتر بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ببات. 

بۆ ئەو مەبەستەیش واشنتن پێویستی بە هاوكارییە لەگەڵ پاكستان كە ئەویش هاوكاریكردنی ئەمەریكای بۆ چارەسەركردنی كێشەی تەناهی لە ئەفغانستان بە بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر لە كێشەكانی لەگەڵ هیندستان بەستەوە بەتایبەتی لە هەرێمی كشمیر، لەو كاتەی ئەو بڕیارەی دوایی هیندستان وەك پەیامێكە بۆ ئەمەریكا و پاكستان بەوەی قبووڵی هیچ ناوەندگیری و دەسەڵاتی بیانی ناكات سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكان وەك كەمینەكان، وەك ئاماژەیەكی روون بۆ كێشەی موسڵمان و كشمیرییەكان.

شرۆڤەكار و چاودێران پێیان وایە، راگەیاندنی ترەمپ بۆ ئامادەیی بۆ میانگیری لە نێوان هەردوو وڵات لەبارەی هەرێمی كشمیر، وای كرد هیندستان بڕیارەكەی لەبارەی هەرێمی كشمیرەوە پێش بخات بەشێوەیەك رێگە لە هەر دەستوەردانێكی ئەمەریكی لەو بارەوە بگرێت، لەلایەكی ترەوە حكوومەتی هیندستانی دەزانێت كە ئەمەریكا دەستبەرداری رێككەوتننەكانی لەگەڵ هیندستان نابێت، چونكە هاوسەنگی هێز لەگەڵ چین رێگە بەوە نادات، بۆیە واشنتن هیچ كاردانەوەیەكی توندی لە بەرانبەر هیندستان نابێت لە بەرانبەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی هەرێمی كشمیر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل