ئەو دوو منداڵەی هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لە سەر بوو ڕزگار كران

:: PM:05:09:10/08/2019 ‌
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر دوو منداڵ لە لایەن باوك و باوەژنیان ئازار درابوون و چەندان جار دەركرابوون و دوا جار هەڕەشەی كوشتن و سووتاندنیان لێ كرابوو، هێنران بۆ هەولێر.

ئەمڕۆ شەموو 10ی ئاب، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەر ڕاسپاردەی خاتوو كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ بۆ ڕزگاركردنی ئەو دوو منداڵە و دوای دوو ڕۆژ هەوڵدان، توانیمان دوو منداڵەكە لەو دۆخە خراپەی تێكەوتبوون ڕزگاریان بكەین و بیانهێنینە خانەی نەوجەوانان لە هەولێر.

چاوشین ڕوونی كردەوە، دوای پشكنیكی پزیشكی و چارەسەری پێویست ئێستە باری تەندروستیان جێگیرە.

ئەو دوو منداڵە لەلایەن باوەژنێكیانەوە دەركرابوون و خەڵكی گوندی لێوژەی بناری قەندیلن، دوای ئەوەی باوكیان ژنێكی خەڵكی ئێران دەهێنێت رەوشی ئەو منداڵانە بەرەو خراپی دەچێت و شەوانە دەردەكرێنە دەرەوە ماڵەكانیان باوكیشیان هەوڵی سووتاندنی دابوون.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم