جیاواز له‌ساڵانی رابردوو، له‌م وه‌رزه‌دا له سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن، وه‌ك ناوچه‌یه‌كی كوێستانی و سارد، بڕێكی زۆر كاڵه‌كی خۆماڵی و ته‌ماته پێگه‌یشتوون، رۆژانه جووتیاران دوای چنینه‌وه‌ی، هه‌وڵی ساغكردنه‌وه‌ی له‌عه‌لوه و بازاڕه‌كانی كوردستان ده‌ده‌ن.
كرمانج عه‌لی یه‌كێك له جووتیارانی پێنجوێن به "وشه"ی راگه‌یاند، پێنجوێن، یه‌كێكه له‌ناوچه كوێستانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌نی ژینگه و كه‌شوهه‌وایه‌كی له‌باره بۆ پێگه‌یشتنی زۆرترین به‌روبوومی كشتوكاڵی هاوینه، ئێسته‌یش به‌رهه‌مێكی زۆری كاڵه‌ك و ته‌ماته‌ی خۆماڵی پێگه‌یشتوون، كه ناوبانگێكی باشیان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان هه‌یه.
زیاتر گوتی، وه‌ك جووتیاران داوا له‌سه‌ر هاورده‌نه‌كردنی ته‌ماته و كاڵه‌كی ده‌ره‌كی له‌رێگه‌ی خاڵه سنوورییه‌كانه‌وه، بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، چونكه له‌مانگی سێ به‌دواوه، سه‌رقاڵی چاندنی تۆی زۆربه‌ی به‌رهه‌مكه كشتوكاَلییه‌كانیان و زۆر پێوه‌ی ماندبووین، له‌لایه‌ن فه‌رمانگه و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئیداره و كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌مانه‌وه هاوكاری نه‌كراوین.
لای خۆیه‌وه كاوه سه‌مه‌د ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی له به‌شی رێنمایی كشتوكاڵی پێنجوێن به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی به‌ئێمه كرابێت له‌رێنمایی به‌جووتیارانمان داوه، به‌ڵام وه‌ك ده‌رمان و پێداویستیه‌كانی تری كیمایی و له‌ناوبه‌ری مێرووه زیانبه‌خه‌شه‌كان نه‌مانداونه‌تێ، چونكه له‌سووری خۆمانه‌وه بۆمان دابینه‌كراوه.
روونیشی كرده‌وه، ئه‌مساڵیش له‌رووی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی شوتی و ته‌ماته و كاڵه‌ك و زۆربه‌ی میوه‌كانی تر، جووتیارانی ناوچه‌كه‌مان نیگه‌رانن و پاره‌یان بۆ نه‌كراوه، چونكه هێشتا هاورده‌كردنی به‌شێك له‌به‌رهه‌مه كشتوماڵیه هاوینه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌رده‌وامی هه‌یه و وه‌ك پێویست رێگه‌ی لێنه‌گیراوه.
شارۆكه‌ی پێنجوێن نزیكه‌ی هه‌زار و 200 مه‌تر له‌ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه‌كه‌یه‌وه، خاوه‌نی به‌رهه‌مێكی زۆری كشتوكاڵیه و زیاتر له دوو هه‌زار و 500 جووتیاری ناوچه‌كه، به‌كاری كشتوكاڵیه‌وه سه‌رقاڵن.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی