" سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگە سەرچاوەی نەخۆشییە"

:: PM:04:34:11/08/2019 ‌
 بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانی كردن لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە ناوچە جیاجیاكان و شارۆكە و شارەدێكان و گوندەكان بەردەوامە.

ئەنجامدانی قوربانی بە ڕێژەی 90% لەلایەن هاووڵاتییانەوەیە و كەمترین ئاژەڵ بۆ قوربانی دەبرێتە سەربڕخانە و كوشتارگە حوكمییەكان، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەنجامدانی قوربانی لە لایەن هاووڵاتییانەوە لەسەر خواستی خۆیانە و گۆشتەكە بۆ خێر دابەش دەكەن، بەڵام ئەگەر كەسێك ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگە سەرببڕێت و بۆ فرۆشتن بیخاتە بازاڕەوە ڕێگە پێدراو نییە.

روونیشی كردەوە كە ئەگەر لە ناو شارو دەرەوەی شار كەسانێك كە قوربانی دەكەن بە شێوەی نەشیاو و دوور لە رێنوێنی و تێكدانی ژینگە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێ‌.

لای خۆیەوە شاڵاو عارف سەرپەرشتیاری ڤێتەرنەری لە كوشتارگەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ڕێژەی قوربانی  لە ناو كوشتارگە بەراورد بە دەرەوە زۆر كەمە، لە كاتێكدا لە سێ ڕۆژی جەژن تا وادەی تەواوبوونی قوربانی تیمی پزیشكی ڤێتەرنەری لە دەوامی ئاسایی خۆیاندان لە ناو كوشتارگە و چاوەڕێی هاتنی ئاژەڵ دەكەن لە لایەن هاووڵاتییانەوە.

ئاماژەی بەوە كرد، ئێستە پلەی گەرما بەرزە و ئەو خوێنە دەچێتە ناو زەوی كاریگەری هەیە و سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی نەخۆشییە، چونكە خوێن و پاشەڕۆ بە سەتان میكرۆبی زیان بەخش لەسەری گەشە دەكات كە پاسۆجین میكرۆن ناسراوە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم