ئەمڕۆ یەكشەم لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، ڕێوڕەسمی نوێژی جەژن و قوربانی لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری ئەنجام درا.
ئالان تۆفیق نووسەر و رۆشنبیر لە پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ هاوشێوەی ناوچە و شارەكانی تری كوردستان، پێنجوێنیش جەژنی قوربانی بەرز ڕاگرت.
زیاتر گوتی، تەواوی مزگەوتەكانی ناو پێنجوێن و دەوروبەری، بەنوێژكردن و خوێندنەوەی وتاری ئاینی كە گوزارشت بوو لە گەورەیی ئەم جەژنە و پێویستی ئاشتی و پتەوكردنی یەكڕیزی نێو گەلی كورد و بەرز راگرتنی كولتووری رەسەنی كوردایەتی، مامۆستایانی ئاینی ناوەڕۆَكی وتارەكان بوو.
هاوكات كەریم مستەفا لەكوشتارگەی پێنجوێن بۆ "وشە" گوتی، جیاواز لەساڵانی رابردوو، بەهۆی راگەیاندن و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم باشتربوونی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، ژمارەیەكی زۆر قوربانی لەسنوورەكەماندا كراوە.
شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە سلێمانیەوە دوورە و تائێستەش زۆربەی دابونەریت و كولتووری كوردایەتی، لەناو هاووڵاتییانی ناوچەكەدا بەبەرزی ماوەتەوە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی