عێراق.. تا ئێستە بودجەی تەواوكاری نییە

:: PM:04:23:12/08/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتی كردەوە كە بودجەی تەواوكاری بۆ بودجەی 2019ی عێراق لە دووەم ساڵی یاسادانانی پەرلەماندا هەبێت و ئاماژەی كرد كە بودجەی ئێستە هیچ كەلەكەبوون و زیادەیەكی دارایی نەبووە وەك لێرە و لەوێ باس دەكرێت.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەم رای گەیاند، بودجەی ئێستە نرخی نەوتی بە 56 دۆلار بۆ بەرمیلێك تیادا خەمڵێندراوە و هەر ئەو نرخەشە نزیكەی ئێستە نەوتی پێ دەفرۆشرێت.

زیاتر گوتی،  ئێستە عێراق نەوتەكەی بە 54 دۆلار دەفرۆشێت بۆ بەرمیلێك دوای دەركردنی تێچووی دەرهێنان و كرێی هەناردن و پشكی كۆمپانیاكانی جیهانی نەوت، واتە كورتهێنان تیایدا بەردەوامە.

حاجی رەشید دووپاتی كردەوە كە لیژنەی دارایی پەرلەمان بەنیاز نییە وەك بڵاو دەكرێتەوە، هیچ بودجەیەكی تەواوكاری بۆ بودجەی 2019 لە دووەم ساڵی یاسادانان دەربكات، بەمەبەستی سووككردنی بارگرانی ئابووری بۆسەر حكوومەت و دەستبەتاڵبوون بۆ دەركردنی بودجەی 2020.

شایەنی باسە بەم دواییە چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەیان كرد كە لە میانی ئامادەسازییەكان بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق، دەركەوتووە كە ئەگەر هەیە رێژەی كورتهێنان لەو بودجەیە بگاتە 72 ترلیۆن دیناری عێراقی، واتە 60%ی بودجەكە، ئەوەش كار دەكاتە سەر چەند خەرجییەكی ناو بودجەكە لە دامەزراندن و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و هیتریش و وا دەكات تەنیا بۆ دابینكردنی مووچە بێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل