سازكردنی یەكەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافەری كوردستان ڕاگەیەندرا

:: PM:10:58:12/08/2019 ‌

لە شاری سلێمانی بە بەشداری 94 فۆتۆگرافەر لەسەر ئاستی كوردستان، یەكەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافەری كوردستان لە 19ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، لە كۆتایی فێستیڤاڵەكەشدا خەڵات دەدرێتە یەكەمەكانی بەشداربووی فێستیڤاڵەكە.

بەختیار سەعید، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 94 فۆتۆگرافەر بەشدارن لەم پێشەنگایەدا كە لە 19ئاب دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئەمنە سوورەكە بەڕێوە دەچێت.

زیاتر گوتی، بێجگە لەوەی لە فێستیڤاڵەكەدا پێشەنگایەكی ترمان دەبێت كە بۆ جۆری كامێرە جیاوازەكانە و كتێبێك نمایش دەكرێت كە تایبەتە بە 100 كەسایەتی كە بە كوالێتییەكی زۆر باش چاپ كراوە وە چوار سیمینار و وۆركشۆپێكمان هەیە وە دیبەیتێك كە چوار بابەت لە خۆدەگرێت كە هەریەكە بۆ ماوەی چارەكێك باسی بابەتەكەی خۆی دەكات و دواتر گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان و خاوەن بابەتەكاندا دروست دەبێت لە ڕۆژی سێیەمدا وۆركشۆپێكی تێدایە كە كرداری و تیۆرییە.

"فێستیڤاڵەكە لە سێ بوار پێك دێت كە وێنەی چیڕۆكی و وێنەی بواری ڕۆژنامەنووسی و وێنەی سروشت كە هەموویان كۆكراونەتەوە و لەلایەن لیژنەیەكی پێنج كەسییەوە فۆتۆكان دەبینرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت كە لیژنەكە پێكهاتووە لە پسپۆڕێك لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و كەسێكی تر لە كوردستانی باكور و سێ كەسیش لە كوردستانی باشوور كە یەكێكیان لە هەولێر و دوو لە سلێمانی كە هەموویان پێكەوە هەڵسەنگاندن دەكەن و خەڵاتەكان دیاری دەكەن"، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە وای گوت.

لای خۆیەوە ناسیح عەلی خەیات یەكێكە لە فۆتۆگرافەرە بەشداربووەكان سەبارەت بە گرنگی فێستیڤاڵەكە بۆ "وشە" گوتی، بە دوو فۆتۆ بەشداریم كردووە، بە وێنە چیڕۆكی كۆڵبەران و سروشتی كوردستان، ئەمە یەكەمین فێستیڤاڵە لە كوردستان بكرێت لەم جۆرە و زۆر گرنگە هەبێت بۆ وێنەگرانی كورد چونكە لەهەر چوارپارچە فۆتۆگرافەر بەشدارە كە فۆتۆگرافەری تێدایە دكتۆرای هەیە لە بواری فۆتۆدا، هاتنی ئەوجۆرە فۆتۆگرافەرانە بۆ كوردستان سوودێكی زۆری هەیە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا، وێنەگرەكانی ئێمەش دەستكراوە دەبن لە بەشداریكرنیان لە فێستیڤاڵەكانی دەرەوە.

زیاتر گوتی، ئێمە فێری زۆر شت دەبین لەو فۆتۆگرافەرانەی دەرەوەی وڵات لە هەموو بوارەكانی وێنەگرتن، وە خواست دەخاتە بەردەم وێنەگرانی كورد تا كاری جوانتر و باشتر بكەن بۆ لەمەودووا، ئێمە ساڵانێكە خەریكی كۆكردنەوەی كاری جوانین، بەڵام  شوێنێك نەبوو بۆ نمایشكردنیان ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە دەتوانێت كاری وێنەگران نمایش بكات ئەوە وا دەكات ئێمە بخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی رژد بۆ گەڕان بەدوای كاری جوان و باشدا.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل