باس لە ئەگەری بۆردمانی ئیسرائیل بۆ باشووری بەغدا دەكرێت

:: PM:11:32:12/08/2019 ‌

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ زنجیرەیەك تەقینەوە سەربازگەیەكی حەشدی شەعبی لە باشووری بەغدا گرتەوە، ئیدی كوهین كەسایەتی ئەكادیمی ئیسرائیلی لە تویتێك ئاماژە بۆ بۆردمانی وڵاتەكەی بۆ سەربازگەكە دەكات و سەرۆكی فراكسیۆنی ئیسڵاحیش لە پەرلەمانی عێراق داوای چەكداماڵینی حەشدی شەعبی دەكات. 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم زنجیرەیەك تەقینەوە سەربازگەی سەقڕی لە باشووری بەغدا گرتەوە كە هی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵە و بەهۆی تەقینەوەی چەندان مووشەك زیانی زۆر بە سەربازگەكە كەوت و كەسێك گیانی لەدەست دا و 29ی تریش بریندارن لەوانە ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵ.

كوهین وا وەسفی تەقینەوەكانی بەغدا دەكات كە هێرشێكی ئیسرائیلی بێت و مووشەكەكانی ئێرانی لەو سەربازگەیە كردووەتە ئامانج، بۆیە وڵاتەكەی وەك بەڵێنی داوە لە بۆردمانكردنی ئامانجەكانی ئێران و حەشدی شەعبی بەردەوام دەبێت.

تا ئێستە حكوومەتی عێراق هۆكاری رووداوەكەی روون نەكردووەتەوە و تەنیا وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی و بەرگری شارستانی زیانەكانیان راگەیاندووە، كاتێك لە مانگی رابردوو فڕۆكەی جەنگی نەناسراو، كە پێشبینی دەكرێت ئیسرائیلی بن، دوو سەربازگەی حەشدی شەعبیان لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە بۆردمان كرد و ژمارەیەك حەشدی شەعبی و شارەزای سەربازی ئێرانیان كوشت.

لەلایەكی تر هەر ئەمڕۆ سەباح ساعیدی سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار لە پەرلەمانی عێراق داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بۆ كاراكردنەوەی دەستپێشخەرییكەی موقتەدا سەدر بە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و دوورخستنەوەی جبەخانەكانیان لە ناوچەكانی نیشتەجێی هاووڵاتییان بۆ رێگرتن لە روودانی رووداوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی ئەبو دشیر لە باشووری بەغدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل