هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر جبه‌خانه و بنكه سه‌ربازییه‌كانی سووریا رۆژ له دوای رۆژ زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام رووسیا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه ئه‌نجام نادات.
له دوای هه‌موو هێرشێكی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر بنكه و جبه‌خانه‌كانی ئه‌سه‌د، رژێمی سووریا ده‌ستبه‌جێ رای ده‌گه‌یه‌نێت، تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشانه له ئیسڕائیل ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام هیچ هه‌وڵێك له‌و پێناوه‌دا ئه‌نجام نادرێت.
دره‌نگانی شه‌وی هه‌ینی 12ی كانوونی دووه‌م، شه‌ش مووشه‌كی ئیسڕائیلی فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی "مزه"ی نزیك دیمه‌شقیان كرده ئامانج، ئه‌و شوێنه ته‌نیا چوار كیلۆمه‌تر له كۆشكی سه‌رۆك كۆماری سوریا دوور بوو و به‌شار ئه‌سه‌د له نیوه‌ی شه‌ودا به ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانی ئیسڕائیل له‌خه‌و راچڵه‌كا.
ئامانجی ئه‌و هێرشه مووشه‌كییه جبه‌خانه‌یه‌كی چه‌كوچۆڵی رژێمی ئه‌سه‌د بوو، ئیسڕائیل رای گه‌یاند، له‌و هێرشه‌دا كۆمه‌ڵێك مووشه‌كیان له‌ناو بردووه كه بڕیار بوو ره‌وانه‌ی لبنان بكرێت و بگه‌یه‌نرێته ده‌ست میلیشیاكانی حزبوڵا كه له لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتییان لێ ده‌كرێت.
ئیسڕائیل به فه‌رمی له‌باره‌ی هێرشه‌كانییه‌وه هیچ لێدوانێكی نه‌داوه، هه‌رچه‌ند ئه‌وه ستراتیژی ته‌لئه‌بیبه كه ده‌یه‌وێ دۆستان و نه‌یارانی سه‌ر له ره‌فتاره‌كانی له سووریادا ده‌رنه‌كه‌ن.
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ئیسڕائیل نزیكه‌ی 15 هێرشی بۆ سه‌ر خاكی سووریا ئه‌نجام داوه، هێرشكردنه سه‌ر فه‌رمانده باڵاكانی حزبوڵای لبنان، وه‌ك جیهاد موغنیه و سه‌میر قنتار یاخود هێرشی كردووه‌ته سه‌ر كاروانی چه‌كه ئێرانییه‌كان كه نیازیان هه‌بووه له رێگه‌ی سووریاوه بیگه‌یه‌ننه ده‌ست حزبوڵا. ئه‌وه له‌كاتێكدایه ئیسڕائیل به فه‌رمی خۆی وه‌ك لایه‌نگری هیچ یه‌ك له به‌ره‌كانی شه‌ڕی سووریا نه‌ناساندووه.
تا ئێسته‌یش حكوومه‌تی نه‌تانیاهۆ هیچ هه‌ڵوێستێكی له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی رووسیا له شه‌ڕی ناوخۆی سووریادا نه‌نواندووه. سوپای رووسیا له ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا دامه‌زراوه‌ی مووشه‌كی S300 و S400ی له‌ناو خاكی سووریادا جێگیر كردووه، ئه‌و مووشه‌كانه مه‌ودای 400 كیلۆمه‌تر ده‌بڕن و ده‌توانن به‌و سیسته‌مه فڕۆكه‌ی جه‌نگی له‌ناو خاكی ئیسڕائیلدا بپێكن.
جێگیركردنی راداری پێشكه‌وتوو و سیسته‌می به‌رگری دژه ئاسمانی رووسیا سوپای ئیسڕائیلی ناچار كردووه له مووشه‌كی زه‌وی بۆ زه‌وی سوود وه‌رگرێ بۆ پێكانی ئامانجه‌كانی و سوود له فڕۆكه‌ی جه‌نگی وه‌رنه‌گرێت، سه‌ره‌تای مانگی كانوونی یه‌كه‌م/دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردووش، سوپای ئیسڕائیل بۆ هێرشكردنه سه‌ر جبه‌خانه‌یه‌كی ئه‌سه‌د، سوودی له‌و مووشه‌كانه وه‌رگرت.
خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه تا ئێسته رووسیا هیچ رێگرییه‌كی بۆ هێرشه‌كانی ئیسڕائیل له‌ناو خاكی سووریادا ئه‌نجام نه‌داوه، ته‌نانه‌ت له هێرشه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینیدا كرێملن هیچ لێدوانێكیشی له‌وباره‌وه نه‌دا.
لایه‌نگرانی رژێمی ئه‌سه‌د ره‌خنه‌ی زۆریان هه‌یه له بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی مۆسكۆ و ده‌پرسن بۆچی دامه‌زراوه‌ی مۆدێرنی به‌رگری ئاسمانی رووسیا له‌ناو سووریادا جێگیر كراوه، به‌ڵام هیچ چالاكییه‌كیان ئه‌نجام نه‌داوه. دامه‌زراوه مووشه‌كییه‌كانی رووسیا ده‌توانن مووشه‌كه كروزه‌كانی ئیسڕائیلیش پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام مۆسكۆ نه خوازیاری دروستكردنی گرژییه‌كی زیاتره له ناوچه‌كه و نه ده‌شیه‌وێت بچێته ناو ململانێی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لبنان.
داڕێژه‌رانی ستراتیژی كرێملن ده‌زانن ئاماده‌ی هیج دانوستانێك نییه كاتێك ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. هه‌رچه‌ند رووسیا به هه‌موو هێزی خۆی پشتیوانی له رژێمی ئه‌سه‌د ده‌كات، به‌ڵام ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تیادا نییه له‌به‌ر دیكتاتۆره‌كه‌ی سووریا ریسكی پێكدادانی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل تاقی بكاته‌وه.
نه‌تانیاهۆ و پوتین له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هه‌وڵیان داوه پێوه‌ندی وڵاته‌كانیان پته‌و بكه‌ن، له پایزی ساڵی 2015ه‌وه تا ئێسته پوتین چوار جار دیداری له‌گه‌ڵ نه‌تانیاهۆ ئه‌نجام داوه.
جیا له‌و دیدارانه، هه‌ردوولا به به‌رده‌وامی له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه له پێوه‌ندیدان، هه‌ڵبه‌ت رووسیا له هه‌ندێك كاتدا له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا دژی ئیسڕائیل ده‌نگی داوه و پوتین له هه‌مان كاتدا سوود له ناكۆكییه‌كانی نێوان باراك ئۆباما و بنیامین نه‌تانیاهۆ ده‌بینێت.
رووسیا ئیسڕائیل به چاوی هاوبه‌شێكی ستراتیژی له ناوچه‌كه سه‌یر ده‌كات، هه‌ر ئێسته‌یش دانوستانه‌كانی نیوان هه‌ردوو وڵات گه‌یشتووه‌ته لووتكه، گه‌شتیارانی رووسی دووه‌م گرووپی گه‌وره‌ی گه‌شتیارین كه ساڵانه سه‌ردانی ئیسڕائیل ده‌كه‌ن.
سێ له وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی نه‌تانیاهۆ به ره‌گه‌ز رووسین، ئاڤیگدۆر لیبرمه‌ن، وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل یه‌ك له‌وانه كه له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك وه‌زیر، هه‌وڵه‌كانی بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندی ته‌لئه‌بیب و مۆسكۆ چڕ كردووه‌ته‌وه.
خاڵی هه‌ره گرنگ ئه‌وه‌یه كه له روانگه ده‌زگه‌ی ته‌ناهیی ئیسڕائیل، به‌شار ئه‌سه‌د دوژمنێكه كه ده‌توانن كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و به‌سه‌ریدا زاڵ بن، به‌ڵام پشێوی سیاسیی له‌ناو سووریا، یاخود هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سه‌له‌فییه‌كان كه خه‌ون به ئازادكردنه‌وه‌ی "به‌یت موقه‌ده‌س" رۆژهه‌ڵاتی ئورشه‌لیم ده‌بینن، بۆ ته‌لئه‌بیب وه‌ك تارمایییه‌كی ترسناكه، لێره‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پوتین و نه‌تانیاهۆ ده‌گه‌نه خاڵێكی هاوبه‌ش.