نه‌ینه‌وا ناوچه‌یه‌كی فره‌وانه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی 37 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوار گۆشه ده‌بێ و پێش 2014 ژماره‌ی دانیشتووانی زیاتر له سێ ملیۆن كه‌س بوون و فره ڕهنگییهكی ته‌واو له دانیشتووانه‌كه‌ی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه به سه‌رجه‌م ناوچه‌كانییه‌وه، به‌ڵام ئێسته جارێكی تر سه‌ره‌تای ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌و پارێزگایه ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی گرووپه میلیشیاكان ئاماده نین ناوچه‌كان ڕاده‌ستی هێزه‌كانی عێراق بكه‌ن و به چه‌كی قورسه‌وه هه‌ژموونی خۆیان ده‌سه‌پێنن.
كورد و عه‌ره‌ب و ئاشووری و كلد و سریان و كریستیان و مسوڵمان و ئێزیدی و شیعه و سوننه و شه‌به‌ك و هه‌موو جۆره نه‌ته‌وه و پێكهاته‌یه‌ك كه له عێراق بوونیان هه‌یه له مووسڵیش بوونیان هه‌یه، دوای داگیركردنی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه له 2014 داعش ده‌ستی به كۆمه‌ڵكوژی ئیزیدی و كریستیانه‌كان كرد و ئێسته‌یش زیاتر له 200 گۆڕی به كۆمه‌ڵ له ناوچه جیا جیاكانی ئه‌و پارێزگایه بوونی هه‌یه و تا ئێسته زۆربه‌یان هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه، تا ته‌رمه‌كانیان پكشنینیان بۆ بكرێ و بناسرێنه‌وه.
پاش ڕزگاركردنی ناوچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه له‌لایه‌ن میلیشیاكانی شیعه‌وه كۆنتڕۆڵ كرا و تۆڕێكی فره‌وانی بازگه و خاڵی پشكنینیان دانا و پاره و كه‌لوپه‌ل له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و سته‌م له‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن كه به ڕێگاكان هاتوچۆ ده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوو عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حه‌شد و تێكه‌ڵكردنی به سوپا و هێزه‌كانی تری عێراق كرد، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانه نه‌ك هه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرا، به‌ڵكوو پاش بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی لیوای 30 و 50 له
مووسڵ، كه به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی، هه‌ردوو لیواكه فه‌رمانی عه‌بدولمه‌هدییان ڕه‌ت كرده‌وه و ئێسته‌یش له مووسڵ ماون و چه‌كی قورسیان لایه و ئاماده نین فه‌رمانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئه‌و دوو لیوایه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌رچه‌نده له خه‌ڵكی شه‌به‌ك و كریستیان دروست كراوه، به‌ڵام فه‌رمانده‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه خرانه لیستی تیرۆره‌وه و حكوومه‌تی عێراقیش فه‌رمانی پاشه‌كشه‌ی له‌و ناوچانه‌ی له ژێر ده‌ستیاندایه كردووه، چونكه هه‌موو به‌ڵگه و دیكۆمێنته‌كانی به‌رده‌ست سه‌لماندوویه‌تی ئه‌و دوو گرووپه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌كه و عێراق ناكه‌ن، به‌ڵكوو بوونه‌ته دارده‌ست و به‌كرێگیراوی وڵاتێكی ناوچه‌كه و ململانێ هه‌رێمییه‌كان.
هه‌رچه‌نده ئه‌و هێزانه له دوای ڕزگاری مووسڵ له ناوچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه جێگیرن، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ركی ئه‌وان نه‌بێ ڕووبه‌ڕووی تیرۆریستان ببنه‌وه، چونكه ماوه ماوه چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌كانی مووسڵ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه و كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان لێ بێبه‌ری كردووه و خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی پلانی وڵاتانن، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی پرسیاری له‌سه‌ر دروستبوونی ئه‌و هێزه و ئه‌و لایه‌نه‌ی كه كۆنتڕۆڵیان كردووه، هێناوه‌ته ئاراوه.
به گوێره‌ی زانیاری و سه‌رچاوه‌كان، ئه‌و میلیشیایانه بۆ ئه‌وه‌ی بیانوو بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان له ناوچه‌كه بهێڵنه‌وه، ماوه ماوه ڕێ به چه‌كدارانی داعش ده‌ده‌ن كه كرده‌ی تیرۆریستی له گوند و ناوچه جیا جیاكان ئه‌نجام بدات، تا حكوومه‌ت دڵنیا بكه‌نه‌وه له‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه خراپه و پێویستی به مانه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر مووسڵ نه‌كه‌وێت.
له‌گه‌ڵ بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌و دوو لیوایه‌ی حه‌شد له ناوچه‌كه، حكوومه‌تی به‌غدا هێزی تری سوپا و هێزه تایبه‌ته‌كانی خۆی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه كردووه و ئه‌وان له به‌رانبه‌ر میلیشیاكان وه‌ستاونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌یش ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆری له دڵی ئاواره گه‌ڕاوه‌كانی ناوچه‌كه دروست كردووه، چونكه مه‌ترسی زۆر هه‌یه، جارێكی تر شه‌ڕ له ناوچه‌كانیان دروست ببێته‌وه و ئه‌مجاره هیچ شوێنه‌وارێكی شار و ئاوه‌دانی نامێنێت، ئه‌گه‌ر مووسڵ له ئاگری شه‌ڕێكی تر وه‌ربدرێت.
هه‌رچه‌نده میلیشیاكان خه‌ڵكی ناوچه‌كه به ترس و چاو لێ سووركردنهوهیان به‌كار ده‌هێنن كه خۆپێشاندان بكه‌ن و داوای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فه‌رمانه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بكه‌ن و ڕێ نه‌ده‌ن ئه‌و دوو گرووپه میلیشیایه له ناوچه‌كه بكشێته‌وه، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق تا ئێسته نه‌رمی نواندووه و نایه‌وێ كێشه‌كه ئاڵۆز ببێ.
دۆخه‌كه به كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكان له‌و ناوچه‌یه ماون و تا ئێسته‌یش نه عه‌بدولمه‌هدی له بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه، نه میلیشیاكانیش ئاماده‌ن ناوچه‌كه جێ بهێڵن و بكشێنه‌وه، ئه‌مه‌یش مه‌ترسی پێكدادانی زۆرتر كردووه و خه‌ڵكه‌كه‌یشی به گومانه‌وه له‌و گرژییه ده‌ڕوانن و ده‌ترسن هه‌ردوولا ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه، ئه‌وكات جارێكی تر ناوچه‌كانیان ده‌بێته گۆڕه‌پانی ئاگرێكی خوێناوی، چونكه هه‌ردوولا چه‌كی زۆر پێشكه‌وتوویان هه‌یه و شه‌ڕه‌كه جیاواز ده‌بێ و قوربانی بێشووماری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.