نرخی نەوت لە دابەزیندایە

:: AM:09:38:13/08/2019 ‌



ئەم هەفتەیەش هاوشێوەی هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە دابەزین كردووە. لە دوێنێ دووشەمەوە كە بازاڕی بۆرسە كراوەتەوە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە رێژەیەكی كەم دابەزیوە.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی سووكی ئەمەریكی دۆخەكەی باشتر بووە و دوێنی دووشەم نیو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێكی دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی برێنت سەرووی 20 سەنت دابەزیوە. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 58 دۆلار و 20 سەنت و نەوتی  تەكساس یان wti بە 54 دۆلار و 58سەنت دەفرۆشرێت.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە دنیادا كەمی كردووە و ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بوایە، دەبوو نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، بەڵام چونكە رەوتی گەشەسەندنی ئابووری دنیا سست بووە، كاریگەریی بۆ سەر كەمبوونەوەی داخوازی لەسەر بازاڕی نەوت هەبووە و دواجار نرخەكەی كەم كردووەتەوە.

ئەگەر سیاسەتی سنووردانانی بەرهەمهێنانی نەوت نەبوایە، ئەوا پێشبینی دەكرا نرخی نەوت زۆر زیاتر داببەزێت و هەمان دۆخی ساڵی 2015 دووبارە ببێتەوە. ئەوكات نرخی نەوت بۆ خوارووی 30 دۆلار دابەزی و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی تووشی تەنگژەی دارایی كرد.



وشە - سلێمان تاشان