دەستدرێژیی بۆ سەر ئەستێرەكان لەلایەن هەوادارانیانەوە

:: PM:01:27:13/08/2019 ‌

زۆرن ئەو ئەستێرانەی لەلایەن هەوادارانیانەوە دەستدرێژییان خراوەتە سەر، پێگەی "فەرفیش" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، هۆكاری ئەو دەستدرێژییە هەندێك جار بەهۆی ئیرەییەوە بووە، هەندێكی تریش بەهۆی خۆشەویستییەوە بووە كە هەوادارەكە نەخۆشیی دەروونیی هەبووە. لێرەدا ئاماژە بە چەند رووداوێك دەكەین.

جیجی حەدید كە نمایشكارێكی ناودارە، لە یەكێك لە نمایشەكانیدا لە ساڵی 2016، هەوادارێكی بەناوی "فیتالی سیدۆیك" هێرشی دەكاتە سەر و  بە توندی دەیگرێت و بەری نادات، دواتر لەلایەن یاوەرەكەیەوە لێی دەدرێت و دووری دەخاتەوە.

كریستینا گریمی كە ئەستێرەیەكی دیاری بەرنامەی "زە فۆیس"ی ئەمەریكی بوو، كاتێك لە مانگی یۆنیۆی 2016 لەناو جەماوەردا بوو و خەریكی واژووكردن بوو بۆیان، هەوادارێك بەناوی "كیفن جێمس" سێ فیشەكی پێوە نا و كوشتی، لە لێكۆڵینەوەگاندا دەركەوت ئەو كەسە نەخۆشیی دەروونی هەبووە.

براد پیت كە ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری دنیای هۆڵیوودە و خاوەنی دەیان فیلمی سینەماییە، كاتێك لە ساڵی 2014دا خەریكی واژووكردن بوو بۆ هەوادارانی، یەكێك لە هەواداران بە دەستی لە دەموچاوی پیتی دا و ئازاری دابوو.

سایمۆن كاوڵ كە كەسایەتییەكی زۆر ناوداری دنیایە و ساڵانێكە سەرپەرشتیی بەرنامەی "بەریتانیا گۆت تالنت" دەكات و سەدان كەسی بەهرەوەری لە بواری موزیكدا پێ گەیاندووە، لە 2013دا لە كۆتاپێهێنانی بەرنامەكەی، لەلایەن خاتوونە ئاوازدانەر "ناتالی ئان هۆڵت" هێلكەیەكی تێدەگیرێ، هاوكات بە دەنگێكی بەرز پێی دەڵێ "من دژی سایمۆنم چونكە كاریگەرییەكی زۆری بەسەر پیشەسازیی موزیكەوە هەیە". واتا جۆرێك لە ئیرەیی بووە.










وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د