دوای جەژن دەست بە هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بە كۆمەڵ دەكرێت

:: PM:04:16:13/08/2019 ‌

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت, لە دوای پشووەكانی جەژن دەست دەكرێت به هەڵدانەوەی دوو گۆڕی تری بەكۆمەڵ و دەڵێت, گۆڕی بەكۆمەڵ لە ناوچەكە زۆرن و ئەوانیش هەڵدەدرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئاب, فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ له سەماوە كۆتایی هات, دوو گۆڕی تر هەن ئامادەن بۆ هەڵدانەوە و پارێزگاری سەماوەش هاوكارێكی باشە.

ئەو روونی كردەوە، دوو گۆڕی تر لە نزیك نوگرە سەلمان هەن ئەوانیش هەڵدەدرێنەوە, بڕیارە لە دوای پشووی جەژن تیمەكە دەست به كارەكانی بكاتەوە و ئەو دوو گۆڕەش هەڵبدرێنەوە, جگە لەو دوو گۆڕە لە بیابانەكە گۆڕی زۆرتر هەن و بە سوود وەرگرتن لە شاهیدحاڵەكان و كەسانی شارەزا و سەرۆك عەشیرەتەكان ئەوانیش دەدۆزرێنەوه ‌و هەڵدەدرێنەوە.

فوئاد عوسمان دەڵێت، "لە یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ ئێمە پێشبینیمان دەكرد تەنیا رووفاتی ٨٠ كەسی تێدا بێت, بەڵام لە كاتی كنە و پشكنین دەركەوت 171 رووفاتی تێدایە, بۆ ئەو دوو گۆڕەش كە بڕیارە هەڵدرێنەوە هەرچەندە پێشبینیكردن قورسە كە چەند رووفاتیان تێدایە، بەڵام پێمان وایە هەر گۆڕێك كەمتر لە 100 رووفاتی تێدا نەبێت."

پێویستە بگوترێت هەڵدانەوەكان لە لایەن تیمی هەردوو دەزگای شەهیدانی بەغدا و تیمی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراون و دەستەی دادوەری و رێكخراوێكی جیهانی دەبێت.

لە سێ هەفتەی رابردوو گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە بیابانەكانی سەماوە دۆزرایەوه ‌و دوای هەڵدانەوەی، رووفاتی 171 كەس دەركەوت و دواتر بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی رەوانەی بەغدا كران.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان