مه‌غۆله‌كان كاتێك گه‌یشتنه به‌غدا چۆن شاره‌كه‌یان داگیر كرد، ئه‌مه ئه‌گه‌ر له په‌ڕاو و تۆماره ئیسلامی و عه‌ره‌بییه‌كان بگه‌ڕێن، به جۆرێك باس ده‌كرێت، به‌ڵام لای خودی مه‌غۆله‌كان چی گوتراوه و چۆن زانیارییه‌كان له‌باره‌ی داگیركردنی به‌غدا هه‌ڵگیراوه، بینینی ڕووداوه‌كانی مێژوو له دوو گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه، به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌مانگه‌یه‌نێت به ڕاستییه‌كان، بۆیه له‌و ڕوانگه‌یه‌وه باس له گرتنی به‌غدا له‌لایه‌ن مه‌غۆل به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی هێزی داگیركه‌ر ده‌كه‌ین.
بۆ زانینی پرۆسه‌ی داگیركردنی به‌غدا پشت به كتێبی دوو مێژوونووس ده‌به‌ستین كه له كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی مه‌غۆل خزمه‌تیان كردووه، یه‌كه‌میان عه‌لائه‌دین ئه‌لجوینی بووه، كه یه‌كه‌م كه‌س بوو هۆلاكۆ وه‌ك حاكمی عێراق ناساندی، دووه‌میشیان ڕه‌شیده‌دین فه‌زوڵوڵا هه‌مه‌دانی كه خاوه‌نی به‌ناوبانگترین كتێبه له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی مه‌غۆل.
جه‌نگیزخانی سه‌ركرده‌ی مه‌غۆله‌كان، هۆلاكۆی برای ڕاسپارد، بۆ ئه‌وه‌ی پێشڕه‌وی زیاتر به‌ره‌و ڕۆژئاوا بكات و به ته‌واوی ده‌ست به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه بگرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هۆلاكۆ خۆی و سوپایه‌كی گه‌وره به‌ره‌و به‌غدای پایته‌ختی عه‌باسییه‌كان كه‌وتنه ڕێ، دوای ئه‌وه‌ی شانشینه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاستیان یه‌ك یه‌ك له‌ناوبرد و گه‌یشتنه سنووری عێراقی ئێستا.
ئیسماعیلییه‌كان كه هۆزێكی ناوچه‌كه بوون پێش هاتنیان پێوه‌ندی تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵ مه‌غۆله‌كان هه‌بوو، بۆیه هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ ئه‌وه‌ی مه‌غۆله‌كان ڕاكێشنه ناو سنووری ئیمپراتۆریه‌تی عه‌باسی و كۆتایی به حوكمی ئه‌وان له به‌غدا بێنن. ئیسماعیلییه‌كان له ڕووی ئاینییه‌وه سه‌ر به مه‌زه‌وی شیعه بوون و به ته‌واوی دژی عه‌باسییه سوننه‌كان بوون كه حوكمی ئه‌وان و ناوچه‌كه به گشتی بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو هاوكارییه‌كیان پێشكه‌ش به مه‌غۆله‌كان كرد.
هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا پلانی مه‌غۆله‌كان پێشڕه‌وی كردن بوو به‌ره‌و ئه‌وروپا، به‌ڵام به‌هۆی پشتیوانی ئه‌و هۆزه و دزه‌پێكردنی هه‌موو زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی عه‌باسییه‌وه ئیتر مه‌غۆله‌كان ئه‌و ناوچه‌یه‌یان لا بوو به ئامانجێكی ئاسان و ده‌ستیان به پێشڕه‌وی كرد.
دوای ئه‌وه‌ی مه‌غۆله‌كان ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئیسماعیلییه‌كانیان خسته ژێر ڕكێفی خۆیان، هۆلاكۆ بڕیاری دا، كه خروشا نه‌كوژێ، به‌ڵكوو ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ریای قه‌زوینی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به ئارامی له‌وێ بژین، له به‌رانبه‌ر پاراستنی ژیانی خۆی و خێزانه‌كه‌یشی خروشا ئاماده‌یی پێشان دا هه‌موو هاوكارییه‌ك بكات بۆ له‌ناوبردنی حوكمی عه‌باسییه‌كان.
هۆلاكۆ خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بوو عه‌باسییه‌كان به جۆرێك له‌ناو ببات كه به ته‌واوی شاره‌كانیان بكات به وێرانه و سه‌رجه‌می خه‌ڵكه‌كه‌یشیان بكوژێت، به‌ڵام عه‌باسییه‌كان هه‌رچه‌نده كێشه‌ی گه‌وره‌یان هه‌بوو، به‌ڵام هێشتا له چاو شانشین و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی تری ناوچه‌كه خاوه‌ن هێز و سوپایه‌كی گه‌وره بوون، ئه‌گه‌ر ئیسماعیلییه‌كان پشتیوانی مه‌غۆلیان نه‌كردایه، به ئاسانی ناوچه‌كه و به‌غدا نه‌ده‌كه‌وته ده‌ست هۆلاكۆ.
سه‌ره‌تا هۆلاكۆ نامه‌یه‌كی بۆ موسته‌عسم بیلای فه‌رمانڕه‌وای عه‌باسییه‌كان نارد و نووسیبووی، داوات لێ ده‌كه‌ین بێیته پاڵمان و بێ كێشه ده‌رگای قه‌ڵاكان بكرێنه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه به سوپا به هێزه‌كه‌م كه له شێر و پڵنگ به‌هێزترن هێرش به‌ره‌و به‌غدا ده‌كه‌ین و كه به‌غدامان كۆنتڕۆڵ كرد، هیچ كات مه‌پاڕێوه، چونكه ئه‌وكات هیچ شتێك دادت نادات و به‌ڵێن ده‌ده‌م كه وه‌كو شێر چۆن نێچیره‌كه‌ی ده‌كوژێ، به‌مشێوه‌یه له‌ناوت ببه‌م، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌ویش نه‌مێنی و بۆ ئاسمان به‌رز بیته‌وه ڕێ ناده‌م ڕزگارت ببێت.
هه‌رچه‌نده خه‌لیفه ترسی زۆری لێ نیشتبوو، به‌ڵام وه‌ڵامێكی توندی دایه‌وه و دووپاتی كرده‌وه، كه مه‌غۆله‌كان ڕه‌وانه‌ی خۆڕاسان ده‌كاته‌وه، له به‌رانبه‌ریش دا، هۆلاكۆ دوا نامه‌ی خۆی ڕه‌وانه‌كرد و نووسیبووی، خۆم و سوپاكه‌م به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێ ده‌كه‌وین.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێككه‌وتنی مه‌غۆله‌كان، جیا له پشتیوانی ئیسماعیلییه شیعه‌كان، هاوكات ئیبن عه‌لقه‌می وه‌زیری عه‌باسییه‌كانیش به نهێنی هاریكاری هۆلاكۆی ده‌كرد، خاڵه لاوازه‌كانی سوپای عه‌باسی بۆ مه‌غۆل ڕه‌وانه‌كرد، مێژوونووسه مه‌غۆله‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌گه‌ری هاریكاری ئه‌و وه‌زیره نه‌بووایه، به‌و خێرایییه به‌غدا نه‌ده‌كه‌وته ده‌ست مه‌غۆله‌كان.
ناكۆكی نێوان شازاده‌كان له‌گه‌ڵ پاشای عه‌باسییه‌كان و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و پۆست و پاره، هه‌موو ئه‌وانه وایكرد كه عه‌باسییه‌كان نه‌توانن به یه‌كده‌ست و به یه‌كهه‌ڵوێستی ڕووبه‌ڕووی
مه‌غۆله‌كان ببنه‌وه، بۆیه هێرش بۆ سه‌ر به‌غدا له شه‌ش لاوه ده‌ستی پێ كرد و مه‌نجه‌نیقه‌كان به‌غدایان ئاگر باران كرد و سه‌رجه‌م به‌رده‌كانیشیان له چیای حه‌مرین و ناوچه‌ی گوڵاڵه هێنابوو تا گڕی تێبه‌ربده‌ن و ئاراسته‌ی به‌غدای بكه‌ن، چونكه له به‌غدا و ده‌وروبه‌ری به‌ردی پێویست نه‌بوو، بۆیه كاروانی گه‌وره‌ی به‌رد له‌و ناوچانه ده‌هات و له‌وێ ئاماده ده‌كرا و به مه‌نجه‌نیقه‌كان هه‌ڵده‌درایه ناو شاری به‌غدا، سه‌رچاوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌گه‌ر بۆردمانی چڕی مه‌نجه‌نیقه‌كان نه‌بووایه، هێزی عه‌باسییه‌كان ده‌یانتوانی به‌رگری زیاتر بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هێرشی چڕه‌وه، سه‌ربازانی عه‌باسی به‌شێكیان خۆیان به ده‌سته‌وه‌دا و به سه‌دانیان لێ كوشتن و له 656 كۆچی خه‌لیفه‌ی عه‌باسی بڕیاری دا چاوی به هۆلاكۆ بكه‌وێ، به‌ڵام هۆلاكۆ زۆر تووڕه‌بوو، هه‌رچه‌نده خه‌لیفه داوای لێ‌كرد كه جه‌نگ به سه‌رباز بكرێ و به‌غدا وێران نه‌كرێ و خه‌ڵك نه‌كوژرێ، به‌ڵام هۆلاكۆ سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك به باش و خراپه‌وه ده‌كوژێ و ئه‌وه‌یشی كه كوژراوه و كراوه هیچ نییه له چاو ڕۆژانی داهاتوو.
بۆیه مه‌غۆله‌كان كشتوبڕییه‌كه‌ی گه‌وره‌یان له به‌غدا كرد و ده‌ستیان به‌سه‌ر كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی گرت و خه‌لیفه‌یان كوشت و خه‌زێنه‌ی پێنج سه‌ده‌ی عه‌باسییه‌كانیان كرده‌وه و سه‌رجه‌م زێڕ و گه‌وهه‌ره به نرخه‌كانیان بۆخۆیان برد و دابه‌شیان كرد.