ترەمپ هەڕەشەی كشانەوە لە رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی دەكات

:: AM:09:01:14/08/2019 ‌
گرژییەكانی نێوان واشنتن و پەكین لەسەر جەنگی بازرگانی بەردەوامی هەیە، هاوكاتی دواخستنی سزای زیاتر بەسەر چین، ئەمەریكا هەڕەشەی كشانەوە لە رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی دەدات. دۆناڵد ترەمپ، رێكخراوەكە تۆمەتبار دەكات بەوەی لەسەر حیسابی ئەمەریكا بەلای چین بای داوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی تۆمەتبار كرد بەوەی لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەلای چین شكاندوویەتییەوە و هەڕەشەی جێهێشتنی ئەو رێكخراوە دەكات.

ترەمپ، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە كرێكاران لە كارگەیەك لە ولایەتی بەنسلڤانیا، رای گەیاند، ئەگەر پێویست بكات ئەوا لە رێكخراوەكە دەچینە دەرەوە، دەزانم ساڵانێكی زۆرە ئازاری ئەمەریكا دەدەن و ئەمەش چیتر دووبارە نابێتەوە.

هەڕەشەی جێهێشتنی رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا شتێكی نوێ نییە، پێشتر وەها هەڕەشەیەكی كردووە و لە هاوینی رابردووش گوتی "رێكخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ئەمەریكا دەكات، ئەگەر خۆی چاك نەكات ئەوا جێی دەهێڵین".
 
 هاوكات لە كۆتایی مانگی تەمووزی رابردووش، ترەمپ، جارێكی تر داوای لە رێكخراوەكە كرد كە چاكسازی بكات و مامەڵەیەكی باشتر لەگەڵ وڵاتانی تازە پێگەیشتوو بكات.

رەخنەكانی ترەمپ لە رێكخراوەكە لە كاتێكدایە ساڵانێكی زۆرە بەپێی پێوەرەكانی ئەو رێكخراوە بێت هێشتا چین وڵاتێكی تازە پێگەیشتووە و بەمەش لە كۆمەڵێك ئەرك بەخشیویەتی، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمەریكا دروست كردووە.


وشە - فه‌رمان سادق