بۆ خاتری ترەمپ قەسیدەی پەیكەری ئازادی دەستكاری دەكرێت

:: AM:09:38:14/08/2019 ‌
سەرۆكی ئیدارەی كۆچ و كۆچبەرانی ئەمەریكی رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە دوای ئەوەی دەستكاری هەندێك لە وشەكانی قەسیدەی پەیكەری ئازادی كرد، ئەمەش لە كاتێكدایە لە ئێستەدا تاوتوێی بەخشینی گرین كارد و رەگەزنامە بە كۆچبەران دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ی ئاب، كین كوچینیللی سەرۆكی ئیدارەی كۆچ و كۆچبەرانی ئەمەریكی بە وەكالەت، دوای ئەوەی دەستكاری هەندێك وشەی لە قەسیدەی "هەڵواسینی نوێ"ی ئیما لازاروس-ی شاعیری بەناوبانگی ئەمەریكی كرد كە لەسەر بنكەی لەسەر وەستانی پەیكەری ئازادی لە نیویۆڕك، هەڵكەنراوە و نووسراوەتەوە، رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە.

ئەو بەشەی لە قەسیدەكە دەستكاری كراوە لە قەسیدەكەی لازاروس بەمجۆرەیە "وەرنە لام ئەی ماندووەكان و هەژارەكان، گردبوونەوەی بە كۆمەڵ دەوردانە لە ئازادی، بێ هیواكان و پشتگوێ خراوەكان ئەوانەی پەنا بۆ كەناراوەكان دەهێنن"، بەڵام كوچینیللی وەها دەستكاری كردووە و گۆڕیویەتی، "وەرنە لام ئەی ماندووەكان و هەژارەكان، ئەوانەی دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ناب نبە بار گرانی بەسەر حكوومەتەوە".

ئەو دەستكارییەی قەسیدەكە لە كاتێكدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی گفتوگۆیە لەسەر یاسای نوێی تایبەت بە پرسی كۆچ، كە ئەگەری مانەوەی هەمیشەیی "گرین كارد" و پێدانی رەگەزنامە بە كۆچبەران هەڵوەشێتەوە، كە خاوەنی ئەو دوو تایبەتمەندییە سوودمەندن لە وەرگرتنی بەخشین و خۆراك و چاودێری پزیشكی و زۆر شتی تریش.
 
ئەلیزابێز وارن سیناتۆری دیموكرات لە تویتێكدا دەڵێ، بەهاكانمان لەسەر بەردی پەیكەری ئازادی هەڵكەنراوە، كەس ناتوانێت دەستكاری بكات و لە پێناو ئەو بەهایە و كۆمەڵگە كۆچەرییەكانی ئەمەریكا دەجەنگم.
 
لای خۆیەوە كامالا هاریس سیناتۆرێكی ترە لە تویتەری خۆی دەڵێ، با راشكاو بم، ئەمەریكا هەمیشە ئەو شوێنەیە كە پێشوازی لە كۆچبەرەكان دەكات.

 كوچینیللی لە بارەی ئەو رەخنانەی لێی گیران دەڵێ، نامەنەوێت قەسیدەكە لە نوێوە بنووسینەوە، ئێمە سیاسەت دەكەین.
هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، مەسەلەكە پەیوەستە بە ئەمەریكا، ئەمەریكا لە پلەی یەكەم، گوتی "ئەمەش رەوا نییە خەڵكانێك باج بدەن، بەو باجەش ئەوانە لەسەر خاكی ئەمەریكا ژیان بكەن".

 



وشە - فه‌رمان سادق