قادر حاجی عه‌لی حزب دروست ده‌كات
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لیژنه‌یه‌كی چوار كه‌سی بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه پێك هێناوه كه له بزووتنه‌وه‌كه نیگه‌رانن و دانیشتوون، به‌ڵام ناڕازییه‌كانی گۆڕان ڕای ده‌گه‌یه‌نن كه جارێكی تر كاركردن له‌ناو گۆڕان به ئه‌سته‌م ده‌زانن، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و بڕیار و كارانه‌ی حزبه‌كه له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا كردوونی.
به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست "وشه"، لیژنه‌یه‌كی چوار كه‌سی له هه‌ریه‌ك له جه‌لال جه‌وهه‌ر، كوێستان محه‌مه‌د، شۆڕش حاجی و جه‌مال محه‌مه‌د پێك هاتوون، له‌سه‌ر پێشنیاری مولازم عومه‌ر و به ڕه‌زامه‌ندیی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی گۆڕان و كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا دروست كراوه، له یه‌كه‌م هه‌وڵیشیاندا داوایان له قادری حاجی عه‌لی كردووه سه‌ردانی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گوتوویه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا سه‌رقاڵه و هه‌ركات ده‌رفه‌تی هه‌بوو خۆی پێوه‌ندییان پێوه ده‌كات و له‌گه‌ڵیان داده‌نیشێت.
حاجی ڕێكانی ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، "لیژنه‌یه‌ك پێك هێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئه‌و سه‌ركرده و به‌رپرسانه‌ی گۆڕان بكه‌ن كه له ماڵه‌وه دانیشتوون و نیگه‌ران بوون، تا ئاشتیان بكه‌نه‌وه و بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ ڕیزه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه".
به‌شێك له‌و سه‌ركردانه‌ی جیا بوونه‌ته‌وه به سه‌رۆكایه‌تیی قادری حاجی عه‌لی، بڕیاری دروستكردنی حزبیان داوه و ئێسته له ڕاوێژ و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌دان تا كاتێكی گونجاو بدۆزنه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنی.
به‌ڵام ڕێكانی گوتی، "كه‌س نیازی دروستكردنی حزبی نییه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فان و كۆڵیان نه‌داوه، به‌ڵام سه‌رنج و تێبینییان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌دای گۆڕان له خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌كه هه‌یه، به‌و هۆیه‌وه له ماڵه‌وه دانیشتوون."
هه‌وڵی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی گۆڕان پێكی هێناوه بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی ناڕازییه‌كانی، له كاتێكدایه كه گۆڕان بڕیاری داوه مانگی نۆ كۆنفرانس ببه‌ستێت و له‌مساڵیشدا كۆنگره بكات.
یه‌كێك له ناڕازییه‌كانی گۆڕان كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، زانیاریی زیاتری ئاشكرا كرد و به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، دروستكردنی حزبه‌كه‌ی تر به سه‌رۆكایه‌تیی كاك قادری حاجی عه‌لی ڕاسته و ئێسته ئیشی بۆ ده‌كرێت.
ئاماژه‌ی دا، "كاركردن له‌ناو گۆڕاندا به ته‌واوی بێ‌مانا بووه و كه‌ڵكی ئه‌وه‌ی نه‌ماوه ئیشی تێدا بكرێته‌وه، چونكه له ساڵی ڕابردوودا بڕیاری زۆر نابه‌جێ دراوه دژی دروشم و به‌رنامه و ده‌ستووری ناوخۆی گۆڕان، هه‌روه‌ها تاكڕه‌وی و قۆرخكاریی زۆر له‌ناو گۆڕان دروست بووه، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی ناڕازییه‌كان بۆ ناو گۆڕان ئه‌سته‌مه."
له دوای مردنی نه‌وشیروان مسته‌فا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دووچاری كێشه‌ی ناوخۆیی زۆر بووه‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌شێك له سه‌ركرده دیاره‌كانی له ماڵه‌وه دانیشتوون و به‌شێك له هه‌ڵسووڕاوه گه‌نجه‌كانیشیان له‌و حزبه نیگه‌رانن، به‌و هۆیه‌شه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستاندا 12 كورسییان له ده‌ست دا.
"ئه‌و لیژنه‌یه‌ی دروست بووه تا ئێسته نه‌مبیستووه له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێك له ناڕازییه‌كان دانیشتبن، به‌ڵام داشبنیشن هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نابێت، چونكه ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه ناوه‌ندگیری ده‌كرێت و ئێمه‌ش مه‌رجمان داونه‌تێ، به‌ڵام ئیراده‌ی جێبه‌جێكردنیان نییه، بۆیه ئه‌و لیژنه‌یه‌ش هیچی پێ ناكرێت". ناڕازییه‌كه‌ی گۆڕان وای گوت.
پێشتر "وشه" ئه‌وه‌ی بڵاو كردبووه‌وه كه قادری حاجی عه‌لی نامه‌یه‌كی هۆشداریی ئاراسته‌ی سه‌ركردایه‌تیی گۆڕان كردبوو، تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه دابوو گۆڕان له به‌رنامه و پرۆگرامی خۆی لایداوه و به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سیی و پشتكردن له جه‌ماوه‌ر كار ده‌كات.
ئه‌وه‌شی گوتبوو كه ئۆباڵی شكستی گۆڕان له ئه‌ستۆی بڕیاربه‌ده‌ستانی بزووتنهوهكهیه و مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌یشیان به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕیار بۆ ده‌زگه شه‌رعییه‌كانی گۆڕان و گۆڕینی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌ری گشتی و ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان به‌ستبووه‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی گۆڕان هیچ وه‌ڵامێكیان بۆی نه‌بوو.
سه‌ردار محه‌مه‌د ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان به"وشه"ـی گوت، "تا ئێسته گۆڕان سه‌رقاڵ بوو، ئێسته كه حكوومه‌ت پێك هاتووه گۆڕان لیژنه‌ی پێك هێناوه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی لێی نیگه‌رانن، گه‌شبینیشین لیژنه‌كه كاری خۆی بكات و ناڕازییه‌كانیش بێنه‌وه گرده‌كه‌ی خۆیان."
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا جێگرى پێشووى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتیى نیشتمانییه‌وه له ساڵى 2009دا دامه‌زرا، ئه‌ویش دواى ناكۆكییه‌كى درێژخایه‌نى مسته‌فا و باڵى ناسراو به‌باڵى ریفۆرمى ناو یه‌كێتى، له‌گه‌ڵ هێڵى گشتیى حزبه‌كه و به بنبه‌ست گه‌یشتنى گفتوگۆكانیان.
گۆڕان له 31 ئایار/مایۆى 2010دا وه‌ك حزب مۆڵه‌تى ره‌سمى له وه‌زاره‌تى ناوه‌خۆى حكوومه‌تى هه‌رێم وه‌رگرتووه، كۆنگره‌یه‌كى له 2013 گرێ نه‌داوه.
به‌ڵام خه‌لیل سه‌ركانی ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و ئه‌ندام و سه‌ركردانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له ڕابردوو له بزووتنه‌وه‌كه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وازیان هێناوه، له ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه ناو گۆڕان.
"سه‌رجه‌میان قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه و دانیشتنی برایانه هه‌بووه، به‌ڵام دواجار بڕیار لای خۆیان بووه و خۆیان خاوه‌ن بڕیار و بیركردنه‌وه‌ی خۆیانن و هیچكام له‌و سه‌ركردانه‌ش ئاماده نه‌بوون بگه‌ڕێنه‌وه ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" سه‌ركانی وای گوت.
ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتیمانی دووپاتی ده‌كاته‌وه، گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسییه و خه‌ڵك ده‌چێته ناوی و ده‌ڕوات، هه‌میشه ده‌رگامان كراوه‌یه بۆ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بێت درێژه به‌كاری سیاسی خۆی بدات، ئه‌و سهركردانهیش كه ڕۆیشتوون، كه‌سی ئێمه بوون و پێمانخۆش نه‌بووه، به‌ڵام دواجار خۆیان بڕیاریانداوه و وازیان هێناوه.
وشه/ سلێمانی- تایبه‌ت