سەركردەی سوپای پاسداران: پێكهێنانی حەشد لە عێراق شكستێكی تری ئەمەریكا بوو

:: PM:02:59:14/08/2019 ‌
سەركردەی سوپای پاسداران، ستایشی پێكهێنانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەكات، ئەوەش بە شكستێكی تری سیاسەتەكانی ئەمەریكا ناو دەبات. دەڵێ، ئێستە حزبوڵا پاش ئەزموونی شەڕ لە سووریا، بە تەنیا دەتوانێت بەسەر ئیسڕائیل سەركەوێت.

ئەمرۆ چوارشەم 14ی ئاب، لیوا حوسێن سەلامی سەركردەی سوپای پاسداران رای گەیاند، پێكهێنانی حەشدی شەعبی لە عێراق و شكستی سیاسەتی ئەمەریكا لە یەمەن، بەڵگەن لەسەر سیاسەتی هەڵەی دوژمن دژ بە ئێران. بە ئارام گرتن بەسەر هەژاریدا سەردەكەوین و توانا سەربازییەكانمان بەهێزتر دەكەین، دەبین بەو هێزە كە رێ نادەین دوژمن هەر شوێنێكی بوێت لە ناوچەكەدا بۆی بچێت و بە ئارەزووی خۆی جولە بكات.
 
سەركردەی سوپای پاسداران، ئاماژەی بە تواناكانی حزبوڵا كرد، باسی لەوە كرد پاش بەشداریان لە شەڕی بە وەكالەت لە سووریا، توانایان زیادی كردووە و ئەزموونیان وەرگرتووە، ئێستە بە تەنیا دەتوانن لە هەر جەنگێك ئەگەر رووبدات بەسەر ئیسڕائیل سەركەون.
 

لە بارەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا، سەركردەی سوپای پاسداران هێمای بۆ ئەوە دەكات ئێرانییەكان دانوستانیان لەگەڵ ئەمەریكا لە هزری خۆیان بردووەتە دەرەوە، ئەوەی دوژمن لە دانوستاندن تێگەیشتووە شكست گەیاندە بە ئێمە، گوتی "دانوستاندن تەڵەیەكە نەك رێگەیەكی چارەسەر، دوژمنیش گوشارەكانی زیاتر دەكات تا ناچاری خۆ بەدەستەوە دان بین".

 زیاتر گوتی "سیاسەتی دوژمن وای كرد هەژموونی ئێران لە ناوچەكەدا زیاتر ببێت و بەرەیەكی یەكگرتووش دژ بە ئیسڕائیل دروست بكەین".



وشە - فه‌رمان سادق