كچە شاعیرێك داوایەكی لە بەهمەنی قوبادی هەیە

:: PM:04:27:14/08/2019 ‌

ئەگەرچی هێشتا لە سەرەتای تەمەنیدایە، بەڵام وەك خۆی دەڵێ چەندان هونەرمەند داوایان كردووە شیعرەكانی بكەن بە گۆرانی. ئەو لە ماڵەوە یاساغە، بەڵام برا گەورەكەی پشتگیری لە كارەكانی دەكات.

كوردەخان، نازناوی شاعیری ئەو كچە 20 بەهارییە كوردەیە، كە هیوا دەخوازێت بەشداری لە درامای پەیكەری دڵ بكردایە، ئێستەش هیوا دەخوازێ رۆڵ لە فیلێمێكی بەهمەنی قوبادی بكات.



هێشتا لە سەرەتای تەمەن دای، بەڵام گەنجێكی چالاك و پڕ جولەی، لەگەڵ شیعر نووسین چۆنن؟

لە تەمەنی 14 ساڵی دەستم بە نووسینی شیعر كردووە، ماوەی شەش ساڵە دەنووسم و خاوەنی 45 بەرهەمی شیعریم، لای من ئەوان كۆرپەلەن و لە رۆحمدا هەڵم گرتوون و خۆشم دەوێن، هەمیشە پێیان دەڵێم قافییەكانی دڵم.

دەڵێن زۆرینەی كورد لە تەمەنی لاوێتیدا وەك ئێوە شیعری نووسیوە، بە شیعریش دەركەوتوون.. هەر لە شیعر نووسین بەردەوام دەبیت یان پەل بۆ لقەكانی تری ئەدەبیش دەبەیت؟

ئاواتم ئه وەیە ببمه غەزەلنووس و لە هەمان کاتدا حەز دەکەم ببم بە نووسەری فیلم.

ئێستە كرانەوەیەك هەیە، كچان ئازادانە خۆیان دەنووسنەوە و بەشداری لە چالاكییەكان دەكەن، لای ئێوە چۆنە؟

لە ئاستی خانەوادەكەم زۆر بە كەمی پشتگیری دەكرێم، هێشتا ئەوان نازانن من شیعر دەنووسم، بەڵام برا گەورەكەم زۆر پشتگیریم دەكات و تا مردن خۆم بە قەرزاری ئەو دەزانم.

راستە من كچێكی ئازادم و بۆ ئازادی دەژیم و هاتوومەتە دنیا، بەڵام هێشتا تەواو ئازاد نیم تاوەكو لە كۆمەڵگەی ئێمە تامی ئازادی نەكەم، بۆیە شتێك نابینم بە ناوی ئازادی، ئەوەی هەیە بە سەركێشی خۆمی دەزانم و ئەوەش وایكردووە بگەم بە ئامانجەكانم.

جگە لە برا گەورەكەت، كێی تر هەن هاوكاری و پشتگیرییان كردووی؟

یەحیا بەرزنجی و شەیدا بەرزنجی، هەردووكیان بە مامۆستای خۆمیان دەزانم و هەمیشە هاوكاری سەركەوتنەكانیان كردووم. جگە لەوانە، سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم رۆژێك لە رۆژان دەستی منیان گرتووە و بە مامۆستای خۆمیان دەزانم.

بۆ پێت وایە هێشتا ژنانی كورد ئازاد نین؟

لە پرسی ئازادی رادەربڕین هێشتا ئافرەتی كورد تەواو ئازاد نییە، تەنانەت منیش پێم وایو هێشتا تەواو ئازاد نیم. لە كۆمەڵگەیەك هێشتا ئافرەت لەسەر هەڵەیەكی بچووك دەكوژرێت، ئەمەشە وای كردووە لە ناخی ئافرەتانی كورد بژیم و هەمیشە هەست بە ئازارەكانیان بكەم.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر شیعرەكانت، ئەو دەقانەی ئێمە بینیمان بۆ گۆرانی دەگونجێن، هیچ هونەرمەندێك داوای كردووە بیكات بە گۆرانی، یان خوت داوتە بە هیچ هونەرمەندێك بیكات بە گۆرانی؟

بەڵێ، راستییەكە هەندێك لە هونەرمەندان بە خۆشحاڵیەوە داوای ئەو شیعرانەی منیان كردووە بیكەن بە گۆران، لەوانە هونەرمەند ماهیر حەسەن و سەعدوون كاكەیی و سەیوان حەمید، بە خۆشحاڵیەوە رەزامەندیم بۆ دەربڕیون.

جگە لە شیعر، لەگەڵ هونەر چۆنی؟

بەهرەی نواندنم هەیە، تەمەنم پێنج ساڵان بوو بەشداری شانۆم كردووە، پێش ئەوەی دەست بە نووسینی شیعر بكەم هەمیشە بەشداری كارە شانۆییەكانم كردووە و تەنانەت سیناریۆیشم بۆ شانۆ نووسیوە.

ئەمە بەهرەی منداڵییە هێشتا لە ناخم دایە، ئەمەشە وا دەكات بڵێم خۆزگە بەشداریم لە فیلمی پەیكەری دڵ بكردبایە، هەروەها زۆر سەرسامم بە كارەكانی هونەرمەندی گەورەی سینەمایی كورد، بەهمەنی قوبادی، هیوادارم رۆژێك لە رۆژان رۆڵ لە فیلمێكی ئەودا ببینم.

هەموومان بە رۆژگارێك تێپەڕیون تێیدا ساتی خۆش و ناخۆشمان بینیوە، ئەمە لای تۆ چۆنە؟

ئەو كاتەی خیانەتم لێكرا، ناخۆشترین ساتی ژیانم بوو، ئازارێكی زۆر قوڵی لە ناخمدا جێهێشتووە، بەڵام من كەسێكی ئازام و توانیم بەسەر ئازارەكانمدا سەركەوم. خۆشترین رۆژی ژیانم، ئەو ساتەیە كە لەگەڵ خۆشەویستانمم و بەیەكەوە پێدەكەنین، بەمە زۆر دلخۆش دەبم و بۆیە لە رێگەی ئێوەوە پێیان دەڵێم خۆشم دەوێن.



گەرمیان گلی









وشە - فه‌رمان سادق