كاتی هاتنەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا

:: PM:05:56:14/08/2019 ‌
بریارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو حاجیانی كورد لە سعوودیە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرای دەكات 20 ڕۆژ پێویستە بۆ گەڕانەوەی تەواوی حاجیان.

ئەمڕۆ چوارشەم 14ـی ئاب، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەمووی سەرەتای هەفتەی داهاتوو واتا 17ـی ئاب گەڕانەوەی حاجیانی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكات و یەكەم كاروانی حاجیان لەڕێی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەبێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، گەڕانەوەی تەواوی حاجیانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی دەبێت و 20 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

لە گەشتی حەجی ئەمساڵ دوو حاجی كورد تا ئێستە كۆچی دواییان كردووە كە یەكێكیان خەڵكی شارۆكەی زاخۆ بوو ئەوەی تریش خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە بوو.

هەرێمی كوردستان ئەمساڵ بە حەوت هەزار حاجی بەشداری فەریزەی حەجی كردووە و تێچووی هەر حاجییەك زیاتر لە چوار هەزار دۆلارە.



وشە - رامیار جەواد