پێشانگایەك بۆ هونەرمەندانی نائەكادیمی كرایەوە

پێشانگایەك لە شاری سلێمانی كرایەوە و توانای گەنجانی نائەكادیمیان تیادا نمایش كرا كە دەستی باڵایان هەیە لە هونەرە جۆراوجۆرەكان و جوانییەكانی ژیان دەنەخشێنن.

لەو پێشانگاییە كە 55 تابلۆ نمایش كرابوون و كاری هەشت گەنج بوون  پێنجیان كوڕ و سێیانیان كچ بوون كاریان لە هونەرە جیاوازەكاندا كردبوو هەر لە كاركردن بە فڵچە و پەت و بزمار و گرافیك و كامێرا. 

شەهاب ئەحمەد سەرپەرشتیاری پێشانگاكە سەبارەت بە كردنەوەی ئەم پێشانگایە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆكردنەوەی ئەو گەنجانەیە كە بە نائەكادیمی بوونەتە هونەرمەند لە بوارەكانی شێوەكاری و فۆتۆگرافی و شێوەكاری ئەلیكترۆنی و ئەكریلیك و زەخڕەفە و تابلۆی زەیتی و گرافیك و پەت و بزمار، بەشێكی زۆری كارەكان هێمابوو بۆ سروشت و ژن و كەسایەتییەكان و چەندین بواری دیكە و لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازیەكی گەرمی لێكرا.

ئاریان لەتیف یەكێك لە بەشداربوانی پێشانگاكە و بە "وشە"ـی گووت، كردنەوەی ئەم پێشانگایەنە سوودی هەیە هەم بۆ هاووڵاتییان كە ئەو هونەرانە دەبینن، هەروەها  بۆ هونەرمەندەكە خۆی سوودی هەیە لە ئەزموونی هونەرمەندانی دیكە دەبینین، وە ئەو پێشانگایە دەبێتە هۆی نیشاندانی توانای كۆمەڵێك هونەرمەندی جیاواز، چونكە هەندێك پێشانگا هەن كە قۆرخكراون لەلایەن چەندین هونەرمەندەوە، بەڵام ئەمە پشتگیرییە بۆ گەنجان.

ئاریان هیواخوازە كە پێشانگای هاوشێوە هەمیشە بكرێتەوە لە ناو مۆڵ و شوێنە گشتیەكان تا ببێتە دەروازەیەك بۆ دروستبوونی هونەرمەندی گەنج و پاڵپشتی گەنجان بۆ دەرخستنی تواناكانیان.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - رامیار جەواد


PM:09:36:14/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 89 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌