تەمووزی ئەمسال لە 140 ساڵی رابردوو گەرمترین مانگ بوو

:: AM:10:18:17/08/2019 ‌

فەرمانگەی نیشتمانی كەشوهەوای ئەمەریكا ئاشكرای كرد، مانگی رابردوو گەرمترین مانگ بووە لە 140 ساڵی رابردوودا لە زەوی تۆمار كرابێت.

بەپێی راپۆرتەكە تێكڕای پلەی گەرما لە مانگی تەمووزدا نزیكەی 0.95 پلەی سیلیزی بەرزتر بوو لە تێكڕای پلەی گەرمی گۆی زەوی لە سەدەی بیستەمدا كە بریتی بووە لە 15.8 پلەی سیلیزی.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە كە ساڵی 2019 بە گەرمترین ساڵ لەوەتەی ساڵی 1880ەوە هەژمار دەكرێت.

 بە بۆچوونی زانایان مرۆڤ رۆڵێكی زۆری هەبووە لە تێكدانی ژینگەی زەوی. بەكارهێنانی سووتەمەنی لە رادەبەدەر و پشتبەستن بەو جۆرە سووتەمەنییانەی كە كاربۆنیان هەیە و لەناوبردنی دارستانەكان هۆكارگەلێك بوون لەوەی پلەی گەرمیی گۆی زەوی بەرز ببێتەوە.

كەمكردنەوەی گازە مەترسیدارەكانیش بە گرنگترین هۆكاری رزگاركردنی زەوی هەژمار دەكرێت. وڵاتانی دنیا بەتایبەتی وڵاتە پیشەسازییەكان رۆڵی گرنگیان هەیە لە پیسكردنی ژینگە و پشتبەستن بە وزەی پاك دەتوانێت كاریگەریی بۆ سەر پاراستنی ژینگەی زەوی هەبێت و لە داهاتوودا لە پلەكانی گەرمیی زەوی كەم بكاتەوە.
سلێمان



وشە - سلێمان تاشان