یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی شوتی پێنجون بەڕێوە دەچێت

:: AM:11:06:17/08/2019 ‌

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیەک كە باسی لە خراپی شوتی پێنجوێن دەکات، بڕیارە سبەینێ یەكشەم لە دادگای پێنجوێن، دوای تۆماركردنی سكاڵای یاسایی، رێوشوێنەكانی لێكۆلێنەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەست پێ بكات، كە ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە، هاوكات ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستانیش لە سەردانیاندا بۆ پێنجوێن دڵنیایی دەدەن، هیچ گرفتێك لە شوتی ناوچەكەدا نییە.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، زانا رەحمان قائیمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، دوای بڵابوونەوەی گرتە ڤیدیۆكە، پێوەندیمان بە لایەنە پێوەندیدارەكانەوە كرد و داوای ناردنی لیژنە و تیمی پسپۆڕمان كرد، بۆ ئەوەی راستییەكانی ئەو پرسە ئاشكرا بكەن و گومانەكانی خەڵك و رای گشتی كوردستانیش بڕەوێنرێتەوە و ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە كە بەشێوازێكی زانستی لەسەر ئەو بابەتە راستییەكان بخرێنە روو.

هەرێم عومەر، لێپرسراوی كشتوكاڵی شارەدێی گەرمك بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، گرتە ڤیدیۆكە لەلایەن چەند كەسێكی بێ ئەزموون و ناشارەزا و بە مەبەستی شكاندنی بەرهەمی جووتیارانی سنوورەكەمان تۆمار كراوە و بڵاوكرایەوە، بۆیە لە ئێستادا لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، بڕیاری لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەركراوە، بۆ ئەو كەسانەی ئەم پڕوپاگەندە نادروست و نابەجێیانەیان كرد.

زیاتر روونی دەکاتەوە، شوێنی ئەو ڤیدیۆیەمان دۆزیوەتەوە و گوندێكە لە سنووری شارەدێی گەرمكی سەر بە پێنجوێن و ئەو كەسانەشمان دۆزیوەتەوە كە خەریكی بڵاوکردنەوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەن و سبەی دوای قسەكردن لەگەڵ داواكاری گشتی دەبرێنە بەردەم دادوەر تا بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەوەیش دەخاتە روو، ئەو كەسانەی ڤیدیۆكەیان تۆمار كردووە خەڵكی پێنجوێن نین.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دراونەتە "وشە"، شوێنی تۆماركردنی ڤیدیۆكە دەكەوێتە ناو یەكێك لەزەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندی كانی هەرێمی نزیك مەرزی سەیرانبەندە و دوو كەسیش كە كارمەندی وەزارەتی دارایین و لە گومرگی مەرزەكە كار دەكەن ئەو ڤیدیۆیەیان بڵاو کردووەتەوە.

هاوكات ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان، سەردانی شارۆكەی پێنجوێنیان كرد و دوای چوونە ناو زەوییە كشتوكاڵییەكان و دوای قسەكردن لەگەڵ جووتیاران و خاوەن پێشانگاكانی فرۆشتنی دەرمانە كشتوكاڵییەكان ئاشكرایان كرد، هیچ گرفتێك لە بەرهەمی میوە و بەتایبەتیش شوتی پێنجوێن نییە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان