خانمە مۆدێل و ئەکتەر ژیان مۆبێرگ 15 ساڵ کاری مۆدێلی
کردووە و لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" دەڵێ، بەداخەوە زۆربەی خانمە مۆدێلەکان
مەرجی بوون بە مۆدێلیان تێدا نییە لە ڕووی باڵا و کێشەوە.
ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، خانمە مۆدێل و ئەکتەر ژیان
مۆبێرگ تایبەت بە "وشە" ی ڕاگەیاند، من لە دنیای مۆدێلەوە ڕووم لە دنیای
فیلم کردووە، چونکە بە هۆی تەمەنمەوە بە باشم زانی بچمە دنیای ئەکتەرییەوە و زیاتر
گرینگی بە تواناکانی خۆم بدەم لەم بوارەدا.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بەشداری یەک فیلمم کردووە
و بەمزووانە لە فیلمێکی تر بەشداری دەکەم و سیناریۆی فیلمیشم نووسیوە و ئێستا خەریکی
فیلمێکی درێژین لەگەڵ دەرهێنەر سۆران سۆرانی کە خۆم کاری نووسینی سیناریۆی ئەم فیلمەم
کردووە و دڵنیام ئەم فیلمە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەکات.
"تا ئێستا بەشداری هیچ
ڤیدیۆ کلیپێکم نەکردووە و چەندین جار داوام لێ کراوە و خۆم قبوڵم نەکردووە، بەڵام
هەرگیز لە کاری مۆدێلی پەشیمان نیم، چونکە لە کاری مۆدێلی خۆت دەناسیت لە ڕووی جلوبەرگ
و هەڵبژاردنی جل و بەرگەکانەوە" ژیان مۆبێرگ وای گوت.
دووپاتی دەکاتەوە، هەندێک خانمە مۆدێل هەیە خۆی
ناناسێت و نازانێت جلوبەرگ هەڵبژێرێت و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ جلوبەرگەکانی، بەداخەوە زۆربەی خانمە مۆدێلەکان مەرجی بوون بە
مۆدێلیان تێدا نییە لە ڕووی باڵا و کێشەوە، تەنیا هەندێکیان نەبێت مەرجی تەواویان
تێدایە وەکو سانای شاجوانی کوردستان و ئازیز ئومێد و دێنا جەزا کە لەڕووی باڵا و کێشەوە
گونجاون و هیچ جوانکارییەکیشیان نەکردووە، بۆیە مەرجەکانی بوون بە مۆدێل دەیانگرێتەوە
و دەتوانین بڵێین ئەوان مۆدێلی ڕاستەقینەن.
هەولێر/ گەرمیان گلی