هاووڵاتییەكی دهۆك جانتایەكی دۆزییەوە بڕی پێنج هەزار و 400 دۆلاری ئەمەریكی و بڕێكی زۆر زێڕ و پارەی عێراقی تیادا بوو و رادەستی پۆلیسی كرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 15ی كانوونی دووەم/یەنایەر، زانا زەکی، هاووڵاتی شاری دهۆك جانتایەكی لە بازاڕ دۆزییەوە بڕی 54 هەزار دۆلاری ئەمەریكی و 10 ملیۆن دیناری عێراقی و كۆمەڵێك زێڕ بە بەهای 100 هەزار دۆلاری تیادا بوو.
ئەو هاووڵاتییە دوای دۆزینەوەی جانتاكە، یەكسەر رادەستی پۆلیسی دەكات و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك ئەو هاووڵاتییە بە نموونەی دەستپاكی ناو دەبات.
وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت، خاوەنی جانتاكە نیازی هەیە وەك سوپاسكردن موژدانەیەك بدات بە دۆزەرەوەی جانتاكە، بەڵام ئەو ئامادە نییە ئەو موژدانەیەش وەربگرێت و دەڵێ، تەنیا لەبەر ویژدانی خۆی هەوڵی رادەستكردنی جانتاكەی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس داوە.
كۆی پارە و زێڕەكانی ناو ئەو جانتایەی زانا زەکی دۆزیویەتیەوە، بایی نزیكەی 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكییە و دوای رادەستكردنی بە پۆلیسی دهۆك، پۆلیس خاوەنی جانتاكە دەدۆزێتەوە و بە ئامادەبوونی دۆزەرەوەی جانتاكە رادەستی خاوەنەكەی دەكرێت.