چەتەكانی دەریا سەرنشینانی كەشتییەكی ئەڵمانییان رفاند

:: PM:02:01:17/08/2019 ‌

چەتەكانی دەریا لە نزیك كەنارئاوییەكانی كامێرون، هێرشیان كردە سەر كەشتییەكی ئەڵمانیی كە بۆ ماوەیەكی كاتی وەستابوو و  ژمارەیەك لە سەرنشینەكانی كەشتییەكەیان رفاند.

ژمارەی سەرنشینەكانی كەشتییەكە 20 كەس بوون كە 12  كەس لەوانە رفێنراون. كۆمپانیای ئێم كێی شیفارت كە خاوەنی كەشتییەكەیە و نووسینگە سەرەكییەكەی لە هامبورگی ئەڵمانیایە، رفاندنی سەرنشینانی كەشتییەكەی پشتڕاست كردووەتەوە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" خاوەنی كەشتییەكە لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوە كردووە كە تیمێكی شارەزایان راسپاردووە تا لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە قسە بكەن و لە رێی دانوستانەوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن.

پێویستە بگوترێت هەر لە دێرزەمانەوە چەتەی دەریایی یەكێك لە كێشە گرنگەكانی بازرگانیی دەریایی بووە و ئێستەش كە لە سەدەی بیست و یەكەمدا دەژین تەنانەت وڵاتە زلهێزەكانیش بەدەستی ئەم دیاردەیەوە گیریان خواردووە و ناوە ناوە كەشتییە بازرگانییەكان تووشی دزین و رفاندنی سەرنشینەكانیان دەبنەوە.



وشە - سلێمان تاشان