وەزارەتی ڕۆشنبیری: قسەكردنی مەلا لەسەر ماریا هەورامی لە قسەی هەرزەكار دەچێت

:: PM:04:04:17/08/2019 ‌
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی كلیپەكەی ماریا هەورامی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس باسی نوێترین كلیپی ماریا هەورامییە بە ناوی (دڵەكەم) ئەوەیش دوای ئەوەی لەلایەن مەلایەكی ئاینییەوە هێرشی كرایە سەر.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی و كلیپی ھونەرمەند (ماریا ھەورامی)، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دووپات لەو راستییە دەكەینەوە كە كولتووری هونەر و گۆرانیگوتن لەكۆنەوە مۆركی ناسراو و دێرینی كورد بووە و یەكێك لە میلەتە دێرینەكانی ناوچەكە كە دەوڵەمەندە بە ھونەری گۆرانی.

"ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەركردن و تێڕامانە و مایەی نیگەرانییە، قسە پێگوتن و ناوزڕاندنی ئەو خاتوونە بوو لەلایەن مامۆستایەكی ئاینییەوە و بەناوی ئاین و لە پەنای ئاینەوە، بەزمانێك كە لە كەسێكی ئاسایی و هەرزەكارێك ناوەشێتەوە، نەك مامۆستایەكی ئاینی كە لەسەر مینبەری مزگەوتدا وتار لەبارەی رەوشتبەرزی بڵێتەوە". وەزارەتەكە وا دەڵێت.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەڵێ، بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە پاڵپشت و داكۆكیكاری هونەرمەندان و گرەنتی پاراستنی مافەكانیان بین لە چوارچێوەی یاساكان، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە پشتگیری تەواوی ھونەرمەند ماریاھەورامی و تەواوی ھونەرمەندان دووپات دەكەینەوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم