پشكنەرانی گشتی.. سەرچاوەیەكی تری گەندەڵی لە عێراق

:: PM:05:13:17/08/2019 ‌

عێراق لە سەرووی وڵاتانی گەندەڵترینە لە دنیا، ئەوەش بەپێی پۆلێنی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، بۆیە سەرەڕای چەندان دامەزراوەی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق، هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە ئاراستەی پێچەوانە ئاماژە دەكەن،  لە دوای راپۆرتای رێكخراوەكە عێراق لە پلەی شەشەمی وڵاتانی عەرەبی و 13مینی دنیا دێت لە گەندەڵترین وڵاتەكان، لەو كاتەی هەریەك لە دانیمارك و نیوزلەندا لە پلەی یەكەم و دووەم كە كەمترین گەندەڵی و شەفافترین دێن.

نووسینگەی پشكنەرانی گشتی كە لە وەزارەتەكانی عێراق هەن و ئەوان چاودێرن بەسەر وەزارەت و فەرمانگە حكوومەتییەكان، كەچی ئەوان خۆیان بوونەتە دەروازەیەكی گەورەی گەندەڵی. ئەو نووسینگانە بە فەرمانی ژمارە 57ی دەسەڵاتی كاتی مەدەنی ئەمەریكا لە عێراق دروست بووە و ئەركی ئەوان نەهێشتنی گەندەڵی و زیادەڕۆیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و هەڵسەنگاندنی كاری دامەزراوەكانی دەوڵەتە بەپێی دیدێكی ئابووری و سیاسی دیاریكراو.

بەپێی ئەو فەرمانەی دامەزراندن كە لە 2004 دەركراوە، ئەو نووسینگانە هەموو سكاڵاكان بۆ وەزیری دیاریكراوی وەزارەتەكانیان بەرز دەكەنەوە و ئەگەر سوودی نەبوو دەیخەنە پێش سەرۆك وەزیران بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست، ئەحمەد عەبادی شارەزای یاسایی دەڵێت، ئەو نووسینگانە بە فەرمانی پۆل برێمەر فەرمانانڕەوای مەدەنی ئەمەریكی بۆ عێراق دروست كراوە و كارەكەشیان پێچەوانەی ئەركەكانیانە كە بوونەتە هۆكاری گەشەسەندنی زیاتری گەندەڵی نەوەك نەهێشتنی.

زیاتر گوتی، ئێستە عێراق بەهۆی ئەو نووسینگانەوە لە پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵە كە ناتوانێت لەناوی ببات، ئەوەی قوڕەكەشی زیاتر شل كردووەتەوە فەرمانەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقە بە دامەزراندنی نووسینگەی نوێی پشكنەرانی گشتی، لەوكاتەی پەرلەمانی عێراق كار لەسەر دەركردنی یاسایەك دەكات بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.

پەرلەمانی عێراق لە ئازاری رابردوو وەك سەرەتا دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسایەك دا بە هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی لە وەزارەتەكانی عێراق، سەباح تەڵووبی ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە دەڵێت، ئەو دەنگدانەی پەرلەمان دەرگە لەسەر گفتوگۆی قووڵ لە نێوان هێزە سیاسییەكان دەكاتەوە بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەك بۆ ئەو نووسینگانە لەپێناو بەهێزكردنی دەزگاكانی تری چاودێریكردن وەك دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی. 

زیاتر گوتی، هەڵوەشاندنەوەی ئەو نووسینگانە پێویستی بە دەركردنی یاسایەكی نوێ لە پەرلەمان هەیە و پەككەوتنی كاری ئەوانیش بەهۆی پێوەستبوونی لایەنی داراییانە بەو وەزارەتانەی كە پشكنەران گشتی كاری تیادا دەكەن، ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات كە وەرزی داهاتووی یاسادانانی پەرلەمان پێویستە پەرلەمان خۆی یەكلا بكاتەوە لە نێوان هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكی نووسینگەكان یان راسپاردنی دەزای داواكاری گشتی بە چاوەدێریكردنی ئەو گومانانەی گەندەڵی لەبارەی كاری ئەوان و لە دامەزراوەكانی دەوڵەت باسی لێوە دەكرێت.  

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق روونی كردەوە، لە وەرزی داهاتووی یاسادانان پەرلەمانی عێراق كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی دەكات بەو پێیەی تەنیا ئەڵەقەیەكی زیادن و كاریان بۆ بڵاوكردنەوەی گەندەڵی كردووە لە رێگەی گوشار و وەرگرتنی بەرتیلەوە. روونی كردەوە، ئێستە ئەو نووسینگانە بوونەتە زیادە لە دوای تۆماركردنی 22 هەزار حاڵەتی گەندەڵی لە نووسینگەكانی پشكنەرانی گشتی لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا و ئەو دامەزراوانەی تری هەن وەك دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی پێویستی نەهێشتنی گەندەڵی پڕ دەكەنەوە و چیتر پێویست بە قوڕسكردنی باری بودجەی دەوڵەت ناكات بەو ژمارە زۆرەی پشكنەران پێ ئەوەی سوودیان هەبێت. 

لای خۆیەوە سەعد خەزعەلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح روونی كردەوە، لە وەرزی داهاتووی یاسادانان پەرلەمان دووەم خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی دەكات و ئەو فەرمانەشی بۆ گوساتنەوەی پشكنەرانی گشتی و دانانی نووسینگەی تر دەرچووە پێشێلكاری دەسەڵاتی یاسادانانە و تێپەڕاندنی دەسەڵاتەكانی پەرلەمانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی خوێندنی یەكەم بۆ پڕۆژەكە كراوە.

نافع ئەحمەد شارەزای یاسایی وای بۆ دەچێت كە بە زیادكردنی دەیان دەزگای تری گەندەڵی عێراق هەر بەدەست پەتای گەندەڵییەوە دەناڵێنێت، چونكە گەندەڵی لەلایەن مافیاكان و پارتەكانی دەسەڵاتدار و دەست تێخستوو بۆ ناو هەموو كایەكانی دەوڵەت بەڕێوە دەبرێت. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەی پشكنەرانی گشتی هەنگاوێكە بە ئاراستەیەكی دروست دوای ئەوەی بوونەتە بارێكی قوڕس و دامەزراوەكانیتری بۆ ئەو مەبەستە هەن ئەگەر كارا بكرێن، ئەركی نەهێشتنی گەندەڵی دەگرنە ئەستۆ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل