پەرلەمانتارێك: 55%ی دەنگدەرانی عێراق بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن

:: PM:05:42:17/08/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی "سائیروون" كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی لێ دەكات دووپاتی كردەوە كە رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق رێژەی 45% تێپەڕ ناكات و هۆكارەكەیشی بێزاری خەڵك و شەقامە لە چینی سیاسی فەرمانڕەوا لە عێراق.

ریاز محەمەد ئەمڕۆ شەموو ئاماژەی كرد، رێژەی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەگاتە 55% و ئەو بەشداری نەكردنەی خەڵكەكەش رێگە بۆ گەندەڵكاران خۆش دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات.  

زیاتر گوتی، رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان 45% تێپەڕ ناكات و روونی كردەوە، هۆكاری لاوازیی بەشداریكردنی خەڵكەكەش بەهۆی توڕەییانە لە چینی سیاسی و فەرمانڕەوا و خراپیی خزمەتگوزارییەكانە.

پێشتر شێخ رائید فریجی سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی بەسڕە بە "وشە"ی راگەیاندبوو، ئەنجوومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەربەخۆ نییە و پارتەكانی پاڵپشتیان دەكەن و گەل بەشداری دەنگدان بكات یان نا پۆستەكان دابەش دەكرێت، بۆیە هاووڵاتی هیچی بۆ نامێنێتەوەو زۆرینەی بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات.

سەرۆكی ئەنجوومەنی هۆزەكانی بەسرە دووپاتی كردەوە كە چی نوێ هەیە بۆ ئەوەی خەڵك بەشداری هەڵبژاردن بكات، هەمان هێزەكانن بەشدارن و دەردەچنەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بەشداری بكات پێویستە شتی نوێ هەبێت، بەڵام كۆمسیۆن سەربەخۆ نەبێت و ساختەكاری لە هەڵبژاردن هەبێت و هەمان هێزەكان بێنەوە بە دەموچاوی نوێ، ئاماژەی كرد كە تەنیا شێتەكان و خاوەن بەرژەوەندی تایبەت دەنگیان پێ دەدەن، بۆیە زۆرینەی گەل بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات، چونكە ئارامیان نەما، ئەوان برسین و هەژارن و ستەمیان لێ كراوە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل