شارەزایەكی تەناهی عێراقی ئاشكرا دەكات كە ئیسرائیل پلانی بەدەستەوەیە بۆ بۆردمانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی و ئەمبارەكانی چەك و جبەخانەكانی تەقەمەنی سەر بە حەشد لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و سەربازییەوە.
لە ماوەی رابردوودا چوار هێرش كراوەتە سەر بارەگا و جبەخانە و سەربازگەكانی حەشدی شەعبییەوە، دوویان لە مانگی رابردوو لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە روویان دا و ژمارەیەك شارەزای سەربازی ئێرانی و چەكداری حەشدی شەعبی بوونە ئامانج، لە ماوەی ئەم مانگەش لە باشووری بەغدا و لە دەشتی نەینەوا بارەگەی تری حەشدی شەعبی كرانە ئامانج و هۆكارەكەشی فڕۆكەی نەناسراوە.
فازڵ ئەبو رەغیف ئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە كە بەپێی زانیارییەكان ئیسرائیل ماوەی شەش مانگە پلانی بەدەستەوەیە بۆ بۆردمانكردنی بارەگا و ئەمباری چەك و سەربازگەكانی حەشدی شەعبی لە رێگەی گۆرزی ئاسمانییەوە.
زیاتر گوتی، ئەو بەم دواییە دەستی بە جێبەجێكردنی پلانەكە كردووە كە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاراستەكراو و تەشویش خستنە سەر رادارەكان و فڕۆكەی "ئێس-5"، لە بەرزایی زۆرەوە چاودێری دەكرێت كە بەزەحمەت لەلایەن رادارەكان ئاشكرا دەكرێت.
ئەو شارەزایە روونی كردەوە، زنجیرەی كردنەئامانجی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام دەبێت و ئەوەش پێویست بە گۆڕانكاری و گواستنەوەی بارەگا و جبەخانەكان دەكات.