دوو رووی دراوەكە.. جیاوازی و لێكچوونی ترەمپ و جۆنسۆن

:: PM:07:21:17/08/2019 ‌

هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەوڵی پتەوكردنی پێوەندی هاوپەیمانی نێوان وڵاتانیان دەدەن، سەرەڕای ئەوەی هەریەكەیان پاڵنەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەو كارە و زەحمەتە نێوانیان رێكبكەوێت، بۆیە هەرجارێك لە كۆشكی سپی و داونینگ ستریت گۆڕانكاری دەبێت، چاوەڕوانی ئاستی كۆكی لەسەر ئاستی كەسی لە نێوان ئەو دوو كەسایەتییە دەكرێت كە راسپێردراون بۆ پارێزگاریكردن لە بەهێزترین هاوپەیمانیەتی لە دنیای رۆژئاوا لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە.

بە گەڕانەوە بۆ ناو لاپەڕەكانی مێژوودا دەردەكەوێت كە ئەو پێوەندییە و كۆكییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە و سەرانیان هەر هەبووە ئەوكاتەی ئایدۆلۆجیا وەك هزری لیبرالیەت رۆناڵد رێگان سەرۆكی ئەمەریكا و مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی بەرتانیای بەیەكەوە دەبەستەوە، یان گەڕان بەدوای رەوتی سێیەم لەلایەن بیل كلنتن و تۆنی بلێرەوە، یان سەركەوتن بەسەر نازییەكان لەلایەن فرانكلین رۆزەفلت و وینستۆن چەرچل، ئەگەرچی ئەوان نەوەی دوو خێزانی سیاسی دژ بەیەك بوون.

لە میانەی سەردانێكی بۆ كۆشكی سپی لە 2017 وێنەكەیان ئەوەیان ئاشكرا كرد كە لێكگەیشتن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و تیریزا مای سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا نییە، ئەگەرچی وا لێكدرایەوە كە سەردانەكە نەبووەتە هۆی لاوازبوونی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات، بەڵام دەستلەكاركێشانەوەی مای دوای سەردانەكە بە دوو ساڵ و نیو و گەیشتنی بۆریس جۆنسۆن بۆ داونینگ ستریت، پێشبینییەكان لەبارەی پتەوبوونی پێوەندییەكانی دووقۆڵی زیاتر كرد. 

ناكرێت ئەو كۆكییەی لە نێوان ترەمپ و جۆنسۆن هەیە بشاردرێتەوە، چونكە ئەوان هەردووكیان سیاسەتوانی ئاسایی نین و لە دوو ناوەندی بەدەستكەوت هاتوونە و هەریەكشیان بە سواربوونی شەپۆڵی نەتەوەپەرستی هاتوون، ئەگەرچی سەردەمێك پێوەندیان باش نەبووە، بەڵام ئێستە هەردوولا هەوڵی بنیاتنانی پێوەندییەكی بەهێزی نێوانیان دەدەن، ئەگەرچی كێشەكە لە پاڵنەری هەریەكەیانە بۆ ئەو مەبەستە كە وا دەكات رەنگە نەتوانن تەواو كۆك بن. 

جۆنسۆن چاوی لە سازكردنی گرێبەستێكی گەورەی بازرگانییە بۆ سووككردنی كاریگەرییەكانی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا (برێكست)، لە بەرانبەردا ترەمپ بەدوای هاوپەیمانێكدا دەگەڕێت بۆ پاڵپشتیكردنی لە چەندان بەرەی سەر گۆڕەپانی سیاسی كە كردووینەتییەوە و روونە كە هەردووكیان بەئاسانی دەگەن بە هاوبەشی خۆیان لە بەرەكەیتری زەریای ئەتڵەسیدا.

بەریتانیا هەمان سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە بەرانبەر ئێران پێڕەو ناكات، بەهەمان شێوە هەڵوێستەكانی لە گۆڕانی كەشوهەوا و داهاتووی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) و نەیاری لە مامەڵەكردن لەگەڵ چین كە رەنگە دوای برێكست لەندەن رووی تێ بكات، ئەوەی جۆنسۆن جیا دەكاتەوە گۆڕینی هەڵوێستەكانیەتی سەرەڕای ئەوەی لەناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتە خاوەن زۆرینەیەكی رەها و پێویست نییە، جیا لەوە ئەو كۆكییەی لە نێوان ئەو دوو سەركردە هەیە مسۆگەری سازكردنی رێككەوتنێكی بازرگانی ناكات بە خێرایی و قبووڵكراو، ئەگەرچی تەنیا دوای تێپەڕبوونی 48 سەعات لە بوونی جۆنسۆن بە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەردوو سەركردە باسیان لە هەلێكی گونجاو كرد بۆ بەهێزكردنی پێوەندی ئابووریان.

هەرچی ترەمپە دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لەسەر بوونی لە كۆشكی سپی ئەوەی سەلماند كە پێوەندییە كەسییەكانی دەوەستێتە سەر جێبەجێكردنی ئەوەی خۆی دەیەوێت، بەڵام نزیكبوونەوەی ئەوان ئاماژەكانی لە لووتكەی "جەی-7" دەركەوت بەتایبەتی لەبارەی یاریكردن لەگەڵ برووكسڵ، بەڵام ترەمپ كەس پێشبینی ناكات كە ترەمپ واز لە درووشمی "سەرەتا ئەمەریكا"، بێنێت. 

هەردوو سەركردە توانیان رەوتی پارێزگاری حزبەكانیان بۆ جۆرێك لە نەتەوەپەرستی نوێ بگۆڕن كاتێك ئەوان بەڵنیان بە دەنگدەرانیان دا بە گەڕاندنەوەی وڵاتەكانیان بۆ شكۆی كۆنیان، وەك ترەمپ كاتێك گوتی وا دەكات ئەمەریكا دووبارە بەهێز بێتەوە و جۆنسۆنیش گەڕانەوەی دەسەڵاتی بۆ بەریتانیا راگەیاند، لەو ناوەشدا هەردووكیان بۆچوونێك دەخەنە روو كە بریتییە لە وازهێنان لە سیستەمێكی نێودەوڵەتی فڕەجەمسەری كە وای كرد هەردوو وڵات بچنە ناوە هاوپەیمانیەتێكی مێژووییەوە.

پێشتر جۆنسۆن وا وەسفی ترمپی كردووە كە كەسێكە كەڵكی سەرۆكایەتی ئەمەریكای نییە و بۆ ئەو پۆستە ناگونجێت، بەڵام وا هەردووكیان بوونەتە سەركردەی دوو زلهێزی دنیا و جۆنسۆن ئێستە دەڵێت، حەزدەكەم لەگەڵ ترەمپ كار بكەم و داهاتوویەكی گەش بۆ پێوەندییەكانی هەردوو وڵات هەیە. لە بەریتانیا بە جۆنسۆن دەگوترێت "ترەمپی بەریتانیا"، ئەوان دەڵێن ئەوە شتێكی باشە، زۆرێك لەوە زیاتر دەرۆن دەڵێن ئەوان تەنیا لە شێوە و رەنگی قژیان لێكناچن، سەرەڕای بوونی 20 ساڵ وەك جیاوازی تەمەنیان، بەڵام ژیاننامەی هەردووكیان زۆر لێك دەچێت كاتێك هەردووكیان لە نیویۆرك لە دوو خێزانی دەوڵەمەند لەدایك بوونە و لە زانكۆی باش خوێندوویانە و 2016 بۆ هەردووكیان ساڵی شانسیان بوو كاتێك ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمەریكا و بەریتانییەكان راپرسی چوونەدەرەوەیان لە یەكێتی ئەوروپا كرد و ئەنجامەكەشی بووە هۆی گەیشتنی جۆنسۆن بە دەسەڵات.  

كایل سمیس رۆژنامەوان لە گۆڤاری "ناشناڵ ریڤیو"ی پارێزگار دەڵێت، سەركەوتنی جۆنسۆن بە هاوشێوەی ترەمپ بوو، بۆیە ئەوان حەز بە چینی سیاسی ناكەن و ئەوانیش متمانەیان بەوان نییە، ئەوان رەخنەی توند لە راگەیاندنەكان دەگرن و بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ تۆمەتباریان دەكەن. 

جیا لەو لێكچوونە زۆرەی نێوان هەردوو كەسایەتی، زۆرێك وای دەبینن كە ئەوان بەرجەستەی قۆناغێكی تایبەتی مێژووی نوێ دەكەن لە دنیا و لە وڵاتانیان بەتایبەتی لەرووی نەتەوە و رەگەزپەرستی، ترەمپ لە ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر مەكسیكییەكان و ژنان بەتایبەتی لەوانەی سپیپێست نین، جۆنسۆن بە هەمان شێوە رەخنە و هێرش دەكاتە سەر موسڵمان و رەشپێستەكان و هەردووكیان وەك رزگاركەری وڵاتەكانیان لە پشێوی خۆیان ناساندووە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل