ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون لەسەر شووتی پێنجوێن دەكات

:: PM:08:06:17/08/2019 ‌
لیژنەی كشتوكاڵ و دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواچوون بۆ بابەتی خراپبوونی شووتییەكانی پێنجوێن دەكات و ئەندامێكی لیژنەكەیش زانیاری  دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ شەموو 17ی ئاب، رەمەزان نامیق ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە بارەی خراپبوونی شووتی پێنجوێنەوە كە بووەتە هۆی شكانی بازاڕی ئەو بەرهەمە ناوخۆییە، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نیگەرانی ئەو دۆخەیە.

ڕوونیشی كردەوە كە سبەی یەكشەم لیژنەی كشتوكاڵ و دارایی لە ئەنجوومەنی پاێزگای سلێمانی بەدواداچوون لەسەر پرسی شووتیەكەی پێنجوێن دەكات و راپۆرتی خۆی لەو بارەیەوە ئامادە دەكات.

پێشتر زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن لە راگەیەندراوێكدا رای گەیاندبوو، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕوپاگەندەیەك بڵاوكراوەتەوە، كە گوایە شووتی پێنجوێن بۆ خواردن نابێت و مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییانی دروست دەكات .

ئەوەشی گوتووە، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی كردووە، كە لەڕووی زانستییەوە روونكردنەوەی پێویست بەهاووڵاتییان بدەن، كە سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانە ڕاست نیە و لیژنەیەكی زانستیش بنێرن بۆ سنووری پێنجوێن تا لە نزیكەوە چۆنێتی بەرهەمهێنانی شووتی لە كێڵگەكان دا ببینن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم