داوای پاراستنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دەكرێت

:: PM:08:13:17/08/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە پەنا بۆ ئێران ببات بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەو وڵاتە بەو پێیەی بواری ئاسمانیان یەكە و دوژمن لە هەمان كات ئەوان دەكاتە ئامانج.

كەریم علێوی ئەمڕۆ شەموو روونی كردەوە، بواری ئاسمانی عێراق مەترسی گەورەی بۆ سەر عێراق و عێراقییەكان دروست كردووە دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆكەكانی بیانییەوە كە ناسنامەیان دیار نییە، پێشێل كرا، جیا لەوەی بە داننانی ئیسرائیل فڕۆكەكانی بە ئاسمانی عێراق دەسوڕێنەوە، هاوكات بەهۆی باڵادەستیی ئەمەریكا بەسەر ئاسمانەكەیەوە عێراق توانای هاوردەكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە وڵاتانی دنیا نییە.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی "فەتح" كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، داوای كرد بۆ بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی عێراق لە رێگەی گرێبەستكردن لەگەڵ ئێران، بەتایبەتی ئەوان نزیكەی یەك بواری ئاسمانیان هەیە و دوژمنیش هاوكات ئەوانی كردووەتە ئامانج.

علێوی دووپاتی كردەوە كە ئێران خاوەنی بەهێزترین بەرگری ئاسمانییە و بەڵگەش بۆ ئەوە پێشتر فڕۆكەیەكی ئەمەریكای خستە خوارەوە.

ئەمڕۆ شەموو عەمید مەهدی رەبانی یاریدەری سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ پاڵپشتیكردنی سەربازی لە عێراق لە بوارە جیاجیاكانەوە لە زەوینی و دەریایی و بەرگرییەوە.     
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل