سلێمانی.. تابلۆكانی ئازاد شەوقی پێشان دەدرێن

:: PM:09:53:17/08/2019 ‌

ناوەندی "7 ڕەنگە"، پێشانگایەكی بۆ بەشێك لە تابلۆكانی هونەرمەندی كۆچكردوو ئازاد شەوقی كردەوە، ئەوەش وەك ڕێزلێنانێك لە بەرانبەر ئەو خزمەتەی كە لە ماوەی تەمەنیدا بە هونەری كوردی كردبووی.

بەختیار سەعید بەڕێوەبەری ناوەندی "7 ڕەنگە"، سەبارەت بە كردنەوەی پێشانگاكە بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو ئازاد شەوقی بۆ "وشە" گوتی، ناوەندەكە پێشانگایەكی بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو ئازاد شەوقی لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی كردەوە و ئامانجی لێی رێزلێنانە لەو هونەرمەندە كە بەشێكی زۆری تەمەنی بۆ كاری هونەری كوردی تەرخان كردبوو و بەشێك لە تابلۆكانی لای خێزانەكەی ماوەتەوە.

زیاتر گوتی، هەروەها تەواوی زانیارییەكانی ژیانی و ئەو كارانەی كردوویەتی و تابلۆكانی لە تەمەنە جیاوازەكانی لە دووتوێی كۆم كردووەتەوە، ئەم كتێبە لەناو پێشانگاكە هەبوو و بێبەرانبەر دەدرا بە مێوانەكان، لە هەمانكاتدا 20  تابلۆی قەبارە جیاوازیان تیادا بوو كە بۆ ئامادەبووان جێگەی سەرنج بوون و پێشانی دەدات ئەم هونەرمەندە بەو ئەندازە زۆر جیاواز و تایبەتە كاری كردووە، كە سەرجەمی كارەكانی باسیان لە سروشت دەكرد.

هاوكات لەم پێشانگایەدا خەڵاتێكی ڕێزلێنانمان بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو مامۆستا ئازاد كردبوو كە درا بە كچەكەی وەك ئەو تەمەنەی بۆ كاری هونەری تەرخانی كردووە.

پێشانگاكە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ئەمڕۆ شەموو یەكەم ڕۆژی بوو لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی دەبێت، كە بەیانیان سەعات 10 بۆ 12 كراوەیە و دواتریش لە سەعات  5 بۆ 8 ی شەو بەردەوام دەبێت.

ئازاد شەوقی ساڵی 1929 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، خوێندنی سەرەتایی لە دیوانییە تەواو كردووە و قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری كەركووك و پەیمانگای هونەرە جوانەكانی لە شاری بەغدا تەواو كردووە، بۆ ماوەی 13 ساڵ سەرپەشتیاری پەروەردەیی بووە لە شاری سلێمانی.

 پەیمانگای هونەرەجوانەكانی بەغداوە دەستی بەكاری هونەریی كردووە، دەیان پێشانگای تایبەتی كردووەتەوه، ناوەڕۆكی تابلۆكانی گوزراشتكردنە لە جوانی سروشتی كوردستان و كۆمەڵی كوردەواری هەروەها بەشداری دەیان پێشانگا كردووە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد











وشە - مه‌حموود ئیسماعیل