گوشارەكان بۆ سەر عەبدولمەهدی زیاتر دەبن

:: PM:10:12:17/08/2019 ‌

چەند پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی تەنیا لەسەر كاغەز دەستكەوتی هەیە و بەكردەنی هیچی نەكردووە و دووپاتی دەكەنەوە كە كاتی تاقیكردنەوەی حكوومەتەكەی خەریكە تەواو دەبێت.

عەلی مەهدی ئەندامی هاوپەیمانی "سائیروون" ئەمڕۆ شەموو لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ئەو حكوومەتەی ئێستەی عێراق تەنیا لەسەر كاغەز دەستكەوتی هەیە و هیچی بەرجەستەكراوی نییە، دووپاتی كردەوە كە وەرگرتنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێویستی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانە.

زیاتر گوتی، هاوپەیمانی سائیروون بەرپرسیارەتی رەزامەندی لەسەر عەبدولمەهدی دەگرێتە ئەستۆ و ئێستە كار بۆ راستكردنەوەی كاری حكوومەتەكەی دەكات.

لای خۆیەوە محەمەد كەربوولی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە كاتی تاقیكردنەوەی حكوومەتی عێراق خەریكە كۆتایی دێت و ئەگەر هەیە لەهەر ساتێك كاغەزەكەی لێ وەربگیرێتەوە.

كەربوولی لە تویتێك لە "نویتەر"، نووسیویەتی، ئەستەمە چاوەڕوانی دەستكەوت لە كەسێك بكەیت خۆی نازانی چی دەوێت، بۆیە حكوومەت لە كێشەیەكی راستەقینەدایە و خۆی خستووەتە ناو دەسەڵات لەناو كێبەركێیەكی سەختی پارتە خاوەن شاخ و چڕنووكە بەهێزەكان، لەوكاتەی ئەو تەواو رووت و بێ دیدێكە بۆ دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ عێراقییەكان.

كەربوولی دووپاتی كردەوە كە كاتی تاقیكردنەوە خەریكە كۆتایی دێت و كاغەزی تاقیكردنەوەكەش لە هەر ساتێك وەردەگیرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل