ئەندامێكی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك ڕایدەگەیەنێت كە ئێستە كەركووك بە دۆخێكی خراپدا تێدەپەڕێت و بە ئاشكرا داعش لە شارەكە و چەند ناوچەیەكی دەوروبەریدا هەن و ناوە ناوە هێرش ئەنجام دەدەن.
ئەمڕۆ شەموو شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، داعش لە كەركووك و دەوروبەری گەڕاوەتەوە و خۆی رێكخستووەتەوە، چونكە تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا سێ هێرشی ئەنجام داوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئێستە داعش لە كەركووك هەیە.
زیاتر گوتی، ئەوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هێرشیان بۆ سەر لیوایەك ئەنجام دا و كوشتار و برینداری زۆری لێ كەوتەوە، بەڵام لە ڕاگەیاندن باس نەكرا، ئەوەی بووەتە مەترسی ئێستە ئەو ناوچانە بە دەردی 2005 دەچن، چونكە ئەو ناوچانە بە شەو بە دەستی داعشەوە دەبێت.
عەبدوڵا روونی كردەوە، ئەو كوردانەی لە سنوورەكەن لە دوو شوێنەوە مەترسیان لەسەرە، لەلایەن ئەو هێزە نامۆیەی لە ناوچەكەدا هەن، لەلایەكی ترەوە داعش كە لە دوای پێشمەرگە ئەو ناوچە بەڕووی داعش كراوەتەوە و سوپا ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییكردنەوەی كەركووك دووپاتی كردەوە، ئێستە داعش لە تەواوی گەڕەك و كۆڵانەكانی كەركووك بڵاوبوونەتەوە، لە زۆربەی گەڕەكەكان خۆیان ڕێكخستووەتەوە، هیچ چاودێركیش بەسەریانەوە نییە، ئەوەش بۆشایی تەناهییە و داعش سوودی لێ وەردەگرن، جگە لەوەی لە تەواوی ناوچەكانی تری وەك حەمرین و دیالە و سەعدیە و جەلەولا و باشووری داقوق و مەخموور و نەینەوا.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی