كەلار.. منداڵێكی برینداری یاری ئاگرین گیانی لەدەست دا

:: PM:11:19:17/08/2019 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو یەكێك لەو دوو منداڵەی شارەدێی رزگاری سەر بە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان كە لە یەكەم رۆژی جەژندا بەهۆی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەكانەوە بریندار بوون، گیانی لەدەست دا.

هۆشمەند حەسەن چالاكی بواری منداڵان بۆ "وشە" گوتی، دوای شەش رۆژ لە مانەوەی لە نەخۆشخانەی سلێمانی،  ئێوارەی ئەمڕۆ (ئەنەس جەبار)ی تەمەن حەوت ساڵ  كە بەهۆی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەكانەوە بریندار ببوو، گیانی لەدەست دا.

زیاتر گوتی، واڵابوونی سنوور بەرووی ئێران و هێنانی هەموو جۆرە كاڵایەك لە دەروازەی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بە رووی گەرمیان، هۆكارە بۆ هێنانی یارییە ئاگرینەكان كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆكاری گیانلەدەستدانی منداڵان.

ئێوارەی یەكشەمی رابردوو كە هاوكات بوو بە  11ی ئەم مانگ یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێكدا برینداربوونی دوو منداڵی تەمەن حەوت و هەشت ساڵانی لە لە شارەدێی رزگاری راگەیاند، پاش ئەوەی یاری ئاگرینیان خستبووە نێو بەرمیلی نەوتەوە پاشتر یارییەكان پێیاندا تەقیەوە و بەو هۆیەوە برینداربوون و بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە رەوانەی سلێمانی كران.

سورەیا محەمەد وەك دایكێك بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ساڵانە پێش هاتنی جەژن و بۆنەكان، پۆلیسی وەك پلانی پێشوەختە باس لە گرتنەبەری پلان دەكات بۆ رێگەگرتن لە بەكارهێنان و فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان، بەڵام لە گەرمیان ئەو یاریانە دەفرۆشرێن و منداڵان بەكاری دێنن، بۆیە جەژن نییە خەڵكی بە دەنگی تەقەمەنی منداڵان خەبەری نەبێتەوە.

لای خۆیەوە موقەدەم عەلی جەمال گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو هەواڵی گیانلەدەستدانی یەكێك لەو دوو منداڵەی راگەیاند كە لە جەژندا بریندار ببوون.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل