ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌فغانستان 245 كه‌س ده‌كاته‌ قوربانی

:: AM:09:29:18/08/2019 ‌
حكوومه‌تى ئه‌فغانستان راى گه‌یاند ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ى شه‌وى رابردوو ئاهه‌نگێكى بووك گواستنه‌وه‌ى كردووه‌ته‌ ئامانج، 245 قوربانى به‌ بریندار و كوژراو لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

 نه‌سره‌ت ره‌حیمى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌فغانستان له‌ لێدوانێكى كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 18ى ئاب ئاژانسى فڕانس پرێس بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، ئامارى قوربانیانى ئه‌و كرده‌ تیرۆریستییه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌وى رابردوو له‌ كابول ئاهه‌نگێكى خێزانى كردووه‌ته‌ ئامانج.

 ره‌حیمى ده‌ڵێ "63 كه‌س كوژراون و 182 كه‌سیش بریندارن، له‌ناو قوربانیانیش ژن و منداڵ هه‌ن".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌عات 10 و 40 خوله‌كى شه‌و بووه‌ به‌ كاتى ئه‌فغانستان.

 بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان هه‌رزوو نكۆڵى له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان ته‌قینه‌وه‌كه‌یان ئه‌نجام دابێ و رێسواى ئه‌و كوشتاره‌كه‌ى كرد، هاوكات رێكخراوى تیرۆریستى داعشیش تا ئێسته‌ به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ رووداوه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدا دێ كه‌ واشتن راى گه‌یاندووه‌ خولێكى ترى دانوستاندنى لایه‌نه‌كانى ئه‌فغانستان به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بووه‌.

 ماوه‌ى زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ده‌ست رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌ناڵێنێ و دواجار دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، ئه‌فغانستانى به‌ زانكۆى تیرۆریستان وه‌سف كرد.

 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل