سووریا.. ناوچەیەكی ئارام لەناو نیگەرانی كورد دروست دەكرێت

:: PM:05:38:18/08/2019 ‌

سەرەڕای لێدوانی بەرانبەر بە یەكتر لەبارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا لە نێوان هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا و هێزەكانی سووریای دیموكرات، بەڵام تا ئێستە وردەكاری سەربازی و سیاسی ئەو ناوچەیەی بڕیارە لە باكوری سووریا بێتە دامەزراندن، دیار نییە.  

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەك بەسەر رێككەوتنی سەرەتایی نێوان ئەمەریكا و توركیا لە ئەنكەرە لەبارەی دامەزراندنی سەنتەرێكی چاودێری هاوبەش بۆ چاودێریكردنی ئەو ناوچەیەی دێتە دامەزراندن، كە بریتیە لە ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و بارەگاكەی لە ویلایەتی شانلی ئۆرفا لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لەسەر سنووری سووریا دەبێت و ئەو سەنتەرەیش هەفتەی داهاتوو دەست بەكارەكانی دەكات.

بەپێی لێدوانەكانی خەلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا هەردوو لایەنی توركیا و ئەمەریكا لەسەر چوار خاڵ رێككەوتوون و ئەوان روو لە جێبەجێكردنیانن بە تەواوەتی، لەوانە سەنتەری ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەبێتە سەكۆیەكی هاوئاهەنگی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵات و لەو سەنتەرەشەوە بڕیار و رێنوێنییەكان سەبارەت بە ئامانجی سەرەكی دەردەچێت پێوەست بە رەواندنەوەی مەترسییە تەناهییەكانی توركیا، هەروەها كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی ناوچەكە هاوبەش دەبێت لە نێوان ئەمەریكا و توركیا و بە درێژایی ئەو ناوچەیە.

لێدوانەكانی وەزیری بەرگری توركیا لەگەڵ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا یەك دەگرێتەوە كە باسی ناوەڕۆكی رێككەوتننەكەی كرد بەوەی هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە لەو ناوچە ئارامە دەردەچن كە رێككەوتنی لەسەر كراوە، دوای ئەوە چەكە قوڕسەكانیان لە باشووری ئەو ناوچانە لادەبرێت و بەوەش سنوورەكانی توركیا ئارام و تەناه دەبێت لەهەر هێرشێكی ئەو هێزانە.

لای خۆیەوە ئەمەریكا چەند لێكدانەوەیەكی دڵنیاكەرەوەی بۆ توركیا راگەیاند، لەوكاتەی مەترسی لای كوردی سووریا دروست كرد لەبارەی ئەگەری نقوومكردنی ناوچەكانی زۆرینەی كورد لە باكوری سووریا بە سەتان هەزار ئاوارەی عەرەبی سووریا كە ئێستە لەناو توركیان، هاوكات ئەمەریكا دووپاتی لەوەش كردەوە كە لەسەر پاراستن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە هەسەدە بەردەوام دەبێت لە رۆژهەڵاتی فورات.

لەلایەكی تر شۆن رۆبەرتسۆن گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن رای گەیاند كە رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و توركیا لەبارەی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا بە هەنگاو جێبەجێ دەكرێت، ئاماژەی كرد كە بەشێكی پرۆسەكە بەمنزیكانە دەستی پێ دەكرێت، واتە زۆرینەی وردەكارییەكان تا ئێستە گفتوگۆی لەسەرە لە نێوان هەردوو وڵات و زۆرێك لە رێوشوێنەكانیش رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.

لایەنی كوردی وەك لە لێدوانەكانی مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە دیارە بە جێبەجێكردنی سیستەمی ناوچەی ئارام رازییە لە رێگەی پاشەكشەكردنیان لەو ناوچەی رێككەوتنی لەسەر كراوە بەو پێیەی قووڵایی ئەو ناوچەیە لە پێنج كیلۆمەتر زیاتر نەبێت بەدرێژایی سنووری هاوبەش، بەڵام لایەنی كوردی دەكاتەوە كە ئاسمانی ناوچەكە بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی توركیا.

لێرەدا تێكهەڵكێشییەكی جوگرافی و دیمۆگرافی ئاڵۆز لە ناوچەكە دروست دەبێت و ئەو بابەتەش یەكێكە لە بنەماكانی ململانێی نێوان هەردوولا.

ئەو ناوچەیەی كە پێشبینی دەكرێت كە ناوچە ئارامەكە لە رووی جوگرافییەوە بیگرێتەوە نزیكەی 400 كیلۆمەتر دەبێت هەر لە سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا و عێراق و توركیاوە لە خاڵی عەین دیواری سنووری تا خاڵی هاتنەناوەوەی رووباری فورات لە توركیاوە بۆ ناو خاكی سووریا لە رۆژئاوای كۆبانی بە نزیكەی 40 كیلۆمەتر، ئەو ناوچەیە تەواو دەشتاییە و نزیكەی 10 شاری سەرەكی دەگرێتەوە هەر لە دێریك تا رمێلان و ترپەسپی و قامیشلۆ عاموودا و دەرباسییە و سەری كانی گرێ سپی و كۆبانی كە زۆرینەیان ناوچەی زۆرینەی كوردنشینن.

نیگەرانی كورد لەو ناوچە جوگرافییەكەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەوان وای دەبینن ئەگەر ناوچەكە لە پێنج كیلۆمەتر زیاتر بێت مانای ئەوەیە تەواوی ناوچە كوردییەكان دەكەونە ژێر دەسەڵاتی توركیا كە ئەویش دەكرێت پلانی هەبێت بۆ نقوومكردنی ئەو ناوچانە بە سەتان هەزار ئاوارەی عەرەبی سووری كە ئێستە لە توركیان، جیا لە ترسی هەوڵدانی توركیا بۆ بەهێزكردنی هێزەكانی سیاسی و سەربازی نەیار بۆ هەسەدە لەو ناوچانە، بەتایبەتی ئەگەر قووڵایی ناوچەكە بگاتە 30 كیلۆمەتر وەك توركیا داوای دەكات و بەوەش تەنانەت رێگەی سەرەكی نێوان مووسڵ و حەلەب ئەویش دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی توركیا هەسەدە دەبێتە هێزێكی جەنگاوەری نیوچە بیابانی و دوور لە هیچ ناوەڕۆكێكی سیاسی و ئابووری بۆخۆی و بۆ خۆبەڕێوەبەری كوردی.

سەرچاوەیەكی نزیك لە هەسەدە روونی كردەوە كە لەگەڵ ئەمەریكاییەكان كۆبوونەوەی چڕیان هەیە و ئەوان وردەكارییەكانیان پێ رادەگەیەنن و هەسەدە نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر رێككەوتننەكە بە ئەمەریكا راگەیاندووە و ئەوان دەیانەوێت قووڵایی ئەو ناوچەیە تەنیا پێنج كیلۆمەتر بێت بەدرێژایی سنوورەكان و ئەو 10 شارە كوردییە نەگرێتەوە و چاودێریكردنی ناوچەكەش بە هاوبەشی بێت، واتە لەودیوی سنوور لەلایەن توركیا و لەناو سووریاش لەلایەن ئەمەریكا و تەنیا ئاوارەكانی خەڵكی ئەو ناوچانە بۆیان هەبێت بگەڕێنەوە، لەبەرانبەر ئەوانە كورد ئامادەیە شەڕوانانی لە پشتێنە و ناوچە سنووریە پاشەكشە پێ بكات و لەناو شارەكانیش و ئاسایشی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی ناوخۆ بێتە پاراستن، جیا لەوەی هەسەدە ئامادەیە بۆ دەستبەرداربوون لە چەكە قوڕسەكانی كە نیگەرانی بۆ توركیا دروست كردووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل