وەزارەتی دەرەوەی عێراق.. گۆڕەپانێكی بەشبەشێنەی سیاسی و گەندەڵی

:: PM:06:21:18/08/2019 ‌

زۆرینەی دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق بەدەستی پەتای گەندەڵییەوە دەناڵێنێت كە وایان كردووە عێراق بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی دیودەری بچێتە ریزی دوواوە لە رووی چاكسازی و پەرەسەندن و خۆشگوزەرانییەوە، دیارترین ئەو دامەزراوانەیش وەزارەتی دەرەوەیە كە بەدەست باڵادەستی پارتە دەسترۆیشتووەكانەوە دەناڵێنێت و یەكێكە لەو وەزارەتانەی پشكێكی گەورەی لە گەندەڵی دارایی و كارگێڕییەوە هەیە، جیا لە بەرتیلدان و لاگیری حزبایەتی لەسەر حسێبی توانستەكان.

لەو وەزارەتە و بەدرێژایی 16 ساڵی رابردوو پاكتاوێكی رێكخراو بۆ خاوەن توانستەكان لە كایەی دیپاۆماسی لە عێراق پێڕەو كرا بەتایبەتی كاتێك ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق بوو لە حكوومەتی پێشوو و تیایدا دەیان كارمەندی ئاسایی و نائاسایی ئەو وەزارەتە بە پاڵنەری تایفییەوە دوورخرانەوە، ئێستە عێراق خاوەنی 88 باڵوێزخانە و كونسوڵخانە و نێردەی دیپلۆماسییە لە دنیا وەك وەزارەتەكە خۆی باسی لێوە دەكات، ئەوە شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی نامۆیە هەندێك لەو وڵاتانە بەدەگمەن كەسی عێراقیان تیادا دەژیت وەك كینیا و ڤاتیكان و چەند وڵاتێكی تر.

جیا لەوە بە هاوشێوەی دۆخی وەزارەتەكانی تر بەشبەشێنەی سیاسی و حزبی بەسەر دابەشكردن و دیاریكردنی باڵوێز و پاشكۆی دیپلۆماسییەكانەوە لە وڵاتان زاڵە، لەوكاتەی پەرلەمان لە ناكۆكییەكی گەورەدایە لەگەڵ وەزیری دەرەوە لەبارەی میكانیزمی دیاریكردنی باڵوێز و پشكی هەر هێزێك تیایدا، كاتێك بەشێك لە هێزە سیاسییەكان دەیانەوێت لە لیستی نوێی باڵوێزەكان كە وەزارەتەكە ئامادەی دەكات، پشكیان هەبێت و ئەوەش مشتومڕی زۆری لەناو پەرلەمان دروست كردووە كە بەشێك لە فراكسیۆنەكان داوای پشكی گەورە دەكەن و پەرلەمانتارانی تریش ئەو بابەتە بۆ وەزارەتی دەرەوە دەگەڕێننەوە.

رەنگە دیاترین دۆسیەی گەندەڵی لەو وەزارەتە دۆسیەی دامەزراندنی فەرمانبەر و باڵوێز و پاشكۆ دیپلۆماسییەكان بێت، كاتێك زۆرێك لە فەرمانبەرانی دیپلۆماسی بێ بەشداریكردن لەی هیچ خولێكی پەیمانگەی دیپلۆماسی دامەزراون، جیا لەوە زۆرێكیان لە كەسانی خزم و نزیكی بەرپرسانن و بە سیفەتی دیپلۆماسی دامەزراون و بە پلەی بەزی وەك سكرتێری یەكەم و راوێژكار و وەزیری رێپێدراو بێ ئەوەی گوێ بە بوونی خزمەتی دامەزراندن و بوونی شارەزایی دیپلۆماسیان هەبێت.

چاودێران دووپاتی دەكەنەوە كە لە دوای 2003 وەزارەتی دەرەوە خاوەن بڕوانامە راستەقینەكانی دوورخستووەتەوە و لە شوێنی ئەوان كەسانی خاوەن بڕوانامەی ساختەی دامەزراندووە كە لە 2016 ژمارەیان گەیشتە 175 فەرمانبەر و دیپلۆماسی لە نێوانیان حامد بەیاتی باڵوێزی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هیتریش، بۆیە چەند هێزێكی سیاسی هەوڵ دەدەن لە لیستی نوێی ئامادەكراو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق پشكیان هەبێت و ئەو بابەتەش لەناو پەرلەمان مشتومڕی لەسەر هەیە، كاتێك هێزە گەورەكانی ناو پەرلەمان داوا دەكەن بەقەدەر ژمارەی كوردسییەكانیان پۆستە دیپلۆماسییەكانیان پێ بدرێت. 

لەبارەی پشكی كورد لە كایەی دیپلۆماسیەتی عێراق كە بە هاوشێوەی پێكهاتەكانیتر تووشی فەرامۆشكردن بووەتەوە، ئەندامێكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دەكات كە رێژەی نوێنەرایەتیكردنی كورد لە كایەی دیپلۆماسیی عێراق 5% كەمترە، لەوكاتەی دەبێت رێژەكە 14 یان 17% بووایە.

دانا جەزا لەوبارەوە رای گەیاند، بەركەوتەی كورد لە كایەی دیپلۆماسی عێراق 5% و كەمترە و لە كایەی سەربازیدا 3-5%یە، بەم دواییە چەند گۆڕانكارییەك لە كایەی دیپلۆماسی عێراق كرا كە وەزیری نوێی دەرەوەی عێراق ئالوگۆڕی كردووە و هەندێك لە باڵوێزەكانی گەڕاندووەتەوە و ژمارەیەكەیان لە ناو وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەوام دەكەن.

زیاتر گوتی، بە نووسراو ئاگەدارمان كردووەتەوە بۆ رەوانەكردنی ژمارەی كۆتایی باڵوێز و ناوەكانیان، بەڵام هێشتە ئەو وەزیرە ئاماری تەواوی رەوانەی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە نە كردووە، بۆیە ژمارەكە بەوردی تەواو نییە و تا ئێستە هاوئاهەنگی پێویست لە نێوان وەزارەت و لیژنەكە دروست نەبووە، هەروەها 35 ناوی باڵوێزی حزبە سیاسییەكانە و ئەوەش پێشكەیش نەكراوە.

جەزا دووپاتی كردەوە كە پرسی دیاریكردنی باڵوێزەكان هێشتە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و ئەو 75 باڵوێزە نوێیەی كە دادەنرێت، یەكلا نەبووەتەوە، لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو ژمارەیەك ناو وەك باڵوێز دانرابوون كە پشكی هەموو حزبەكانی تیادا بوو، بەڵام ئەم وەزیرە فرمانەكانی هەڵوەشاندەوە و 75 باڵوێز بەپێی مەرجی تازە دادەنرێت كە 35ی خۆی دایاندەنێت و 35یش بەسەر فراكسیۆنەكان دابەش دەبێت، نزیكەی شەش باڵوێز بەر كورد دەكەوێت و بەپێی ژمارەی كوردسییەكانی پەرلەمان بەسەر پارتە كوردییەكان دابەش دەكرێت كە رەنگە پارتی 2-3ی بەركەوێت و یەكێتی دوو و دوو یان یەكێكیش بۆ حزبەكانی تر.

بەپێی كارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو وەزارەتە لە سەردەمی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری پێشوو (2014-2018)، بە خراپترین قۆناغەكانیدا تێپەڕ بووە كە دەیان كەسایەتی دیپلۆماتكاری خاوەن توانست دوورخراونەتەوە و بە كەسانی نزیك لە خۆی و حزبەكەی و كەسانی بندیوار شوێنیان پڕ كراوەتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل