جۆرە تەلەڤزیۆنێكی نوێ بەرهەم دەهێنرێت كە تەنیا كاتێك دەتوانی تەلەڤزیۆنەكەت ببینی كە پێكراوە و كاتێك دەكوژێتەوە وەك ئەوە وایە لە ماڵەكەت هیچ تەلەڤزیۆنێك نەبێت.
كۆمپانیای پاناسۆنیك تەلەڤزیۆنەكەی بەرهەم هێناوە و لە پێشانگەی ئەلیكترۆنی CEATEC خستووەتە ڕوو كە لە ژاپۆن بەڕێوە چوو.
تەلەڤزیۆنەكە بریتییە لە جامێكی روون كە بۆ دیكۆراسیۆنی ماڵەكەت سوودی لێ وەردەگیرێت و كۆمپانیاكە بە شێوەیەك تەلەڤزیۆنەكەی بەرهەم هێناوە كە تۆڕێكی تایبەت بە نێو جامەكەدا تێدەپەڕێت. كۆمپانیاكە وردەكاری زیاتری لەبارەی چۆنیەتیی بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنەكە نەخستووەتە ڕوو.
جووڵاندنی ئەو جامە بۆ ئاراستەی جیاوازیش زۆر ئاسانە و كۆمپانیاكە لە نوێترین تەكنۆلۆجیای OLED بۆ پێكردنی تەلەڤزیۆنەكە سوودی وەرگرتووە.
یەكێكی تر لە تایبەتمەندییەكانی ئەو جۆرە تەلەڤزیۆنە ئەوەیە پێویستی بە بڕە كارەبایەكی كەمتر هەیە. هێشتا نرخی تەلەڤزیۆنەكە و كاتی خستنەڕووی بۆ بازاڕ ئاشكرا نەكراوە.
بەرهەمهێنانی ئەو تەلەڤزیۆنە نوێیە كاریگەریی زۆری دەبێت لە گۆڕانكاریی دێكۆراسیۆنی ناو ماڵ و چیتر تەلەڤزیۆن لە ماڵەكان شوێنی زیادە داگیر ناكات.
سەرچاوە: roozplus