هۆكاری گرانبوونی نرخی زێر لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا بوو

:: PM:01:41:19/08/2019 ‌
بەرپرسێكی سەندیكای زێڕینگەرانی كوردستان هۆكاری گرانبوونی نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و بەرزبوونەوەی نرخەكەی هیچ پێوەندی بە جەژن و هاوین نیە.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئاب، ئومێد ئەحمەد سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای زێڕینگەرانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو هەفتەیە نرخی زێڕ زۆر بەرز بۆتەوە، بەلام بەرزبوونەوەكەی جیهانییە و تەنیا لە هەرێمی كوردستان نیە.

سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای زێڕینگەران گوتی، هاووڵاتییان هۆكارەكەی بۆ جەژن و هاوین دەگەڕێننەوە، ئەوە هیچ ڕاستییەكی تیادا نیە، نرخەكە لە بۆرسەی جیهانی بەرز بۆتەوە و هیچ پێوەندییەكی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە.

ڕوونی كردەوە، گەمارۆكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە كاریگەری خۆی هەیە و تا ڕادەیەك كاری كردۆتە سەر نرخەكەی.

ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان بەرز بۆتەوە و نرخەكەی گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و هاووڵاتییان بەردەوام پرسیاری هۆكاری بەزربوونەوەی نرخەكان دەكەن ئەمڕۆش مسقالی زێڕ بە 255 هەزار دینار بوو.



وشە - رامیار جەواد