له راپۆرتێكدا ژماره‌ى ئه‌و بنكه سه‌ربازییانه ئاشكرا ده‌كرێت كه توركیا له وڵاتانى ناوچه‌كه دایناون و هه‌وڵ ده‌درێت ئامانجى سیاسه‌تى توركیا له‌م كاره‌دا تاوتوێى بكرێت.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب"ى له‌نده‌نى له ژماره‌ى ئه‌مڕۆیدا، راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردووه ناوه‌ڕۆكى راپۆرته‌كه‌ى له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك وه‌رگرتووه، كه ده‌زگاى راگه‌یاندنى
BBC ئه‌نجامى داوه، هاندى فیرات كه ژنه رۆژنامه‌نووسێكى به‌ناوبانگى توركه، له راپۆرته‌كه به‌شدارى كردووه و خۆى زانیارى له‌سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانى توركیای له ده‌ره‌وه كۆكردووه‌ته‌وه، فیرات ئه‌و كاته‌ى به ئایفۆنه‌كه‌ى ده‌نگ و ره‌نگى ئه‌ردۆغانى له كاتى كوده‌تاكه‌ى ته‌مووزى 2016 بڵاوكرده‌وه، ناوبانگی له‌سه‌ر ئاستى دنیا په‌یدا كردووه.
له راپۆرته‌كه‌دا هه‌وڵ دراوه زۆرترین زانیارى له‌سه‌ر ئه‌م بنكانه ئاشكرا بكرێت كه له‌ماوه‌ى رابردوودا توركیا له وڵاتانى ناوچه‌كه دایناون، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كرێت ئه‌م بنكانه راسته‌وخۆ پێوه‌ندییان به سیاسه‌تى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیاوه هه‌یه و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنى ئه‌و بۆ حكومڕانى وڵاته‌كه‌ى ئه‌م دیارده‌یه ده‌ركه‌وتووه، پێشتر ته‌نیا له‌سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كان نه‌بێت ئه‌گینا بوونى نه‌بووه.
له راپۆرته‌كه هاتووه "تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر توركیا هیچ بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له ده‌ره‌وه‌ى خاكه‌كه‌ى خۆى نه‌بوو، ته‌نیا له باكورى قوبرس نه‌بێت كه مێژووه‌كه‌ى بۆ ساڵى 1974 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات گومانى زیاتر له توركیا بكرێت له‌وه‌ى له رێگه‌ى ئه‌م بنكانه‌وه ته‌نگژه‌ى هه‌رێمایه‌تى و پێوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى تێك بدات".
دواتر ئاماژه بۆ ناوى ئه‌و وڵاتانه ده‌كرێت كه توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى لێ داناون له‌وانه دواى قوبڕس، قه‌ته‌ر، سۆماڵ، عێراق، سووریا، سوودان. هه‌رچه‌نده دانانى بنكه‌ى سه‌ربازى له سوودان به هۆى كه‌وتنى ده‌سه‌ڵاتى به‌شیر كێشه‌ى تێكه‌وتووه و ده‌سه‌ڵاتى نوێ به‌م كاره‌ى رازى نییه. راپۆرته‌كه دووپاتى ده‌كاته‌وه توركیا له لیبیایش به‌شداره به‌ڵام ئاماده‌ییه‌كه‌ى شاراوه‌یه.
له راپۆرته‌كه به‌مشێوه‌یه باس له بوونى سه‌ربازى توركیا له وڵاتان ده‌كرێت " توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى له هه‌ر یه‌كه له سۆماڵ و قه‌ته‌ڕ و قوبرس هه‌یه، ئه‌گه‌ر كه‌وتنى به‌شیر نه‌بووایه ئه‌وا به‌نیاز بوو بنكه‌یه‌كیش له دوورگه‌ى سه‌واكنى سوودان دابنێت، هه‌روه‌ها له‌دژى هه‌ر هه‌وڵێكى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى توركیا ئاماده‌ییه‌كى به‌هێزى له سووریا و عێراق هه‌یه".
هاندى فیرات كه رۆژنامه‌نووسه توركه‌كه‌یه باسى له‌وه كردووه له پایزى داهاتوو گه‌وره‌ترین بنكه‌ى سه‌ربازى توركى له قه‌ته‌ر ده‌كرێته‌وه و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه خۆى سه‌ردانى قه‌ته‌رى كردووه و له نزیكه‌وه بنكه‌ى تارق بن زیادى توركى بینیوه.
فیرات ده‌ڵێ "بنكه‌ى سه‌ربازى توركیا له قه‌ته‌ر به‌رده‌وام گه‌وره ده‌بێت و ئێسته‌یش بنكه‌یه‌كى نوێ له نزیك بنكه‌ى تارق كوڕى زیاد دروست ده‌كرێت. شاره‌زایانى كاروبارى كه‌نداو باسیان له‌وه كردووه، قه‌ته‌ر مه‌ترسییه‌كى بێ پاساوى هه‌یه گوایه له‌لایه‌ن دراوسێكانى هێرشى سه‌ربازى ده‌كرێته سه‌ر، توركیایش ئه‌مه‌ى كردووه‌ته هه‌لێك بۆئه‌وه‌ى سه‌ربازى له‌م وڵاته هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه كاتێك ئه‌مه‌ریكا بنكه‌ى سه‌ربازى له قه‌ته‌ڕ هه‌یه و ئه‌م وڵاته له نێوان دوو هێزى گه‌وره‌ى وه‌ك سعوودیه و ئێرانه بوونى سه‌ربازى تورك له قه‌ته‌ر هیچ كاریگه‌رییه‌كى نابێت.
وڵاتێكى تر كه لە راپۆرته‌كه باسكراوه لیبیایه، توركیا به ئاشكرا سه‌ربازى له لیبیا نییه، به‌ڵام چه‌ندان جار به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه پاڵپشتى حكوومه‌تى ویفاق ده‌كات و چه‌ك به گرووپه چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌و حكوومه‌ته ده‌دات، حكوومه‌تى ویفاقیش كه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ددانى پێ نراوه، نكۆڵى له پێوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ توركیا ناكات.
سۆماڵ وڵاتێكى تر‌ى ئه‌فریقیایه كه به‌ر له لیبیا توركیا بایه‌خى پێداوه. له ساڵى 2011 كاتێ شه‌ڕى ناوخۆ سۆماڵى شه‌كه‌ت كردبوو، دانیشتووانى ئه‌م وڵاته به ده‌ست برسێتى كوشنده‌وه ده‌یانناڵاند ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه ئه‌وكات سه‌رۆكى حكوومه‌ت بوو سه‌ردانى سۆماڵى كرد، سه‌ره‌تا به ناوى هاوكاریى مرۆیى ده‌ستى پێ كرد و دواتر بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌م وڵاته دانا، به‌ناوى هاوكاریكردنى سوپاى سۆماڵ.
بنكه سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا نزیكه‌ى چوار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه ده‌بێت و به دوورى 10 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشوورى رۆژئاواى مه‌قدیشۆى پایته‌خت، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌ن زیاتر له 200 ئه‌فسه‌رى باڵاى تورك له‌م بنكه‌یه‌دا جێگیر كراون.
به ئامانجى دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسى سه‌ربه‌خۆى كورد و به بیانووى جۆراوجۆر توركیا كۆمه‌ڵێك بنكه‌ى سه‌ربازى خۆى له عێراق و سووریا كردووه‌ته‌وه، به فه‌رمى توركیا ده‌ڵێ 11 بنكه‌ى سه‌ربازییمان له عێراق هه‌یه، به‌ڵام راپۆرته‌كه‌ى بى بى سى ده‌ڵێ ده‌گات به 15 بنكه. له سووریایش به هه‌مان شێوه توركیا هه‌وڵى داوه بوونى سه‌ربازى خۆى له باكورى ئه‌م وڵاته بسه‌پێنێ، بۆیه 12 بنكه‌ى سه‌ربازى هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌و بنكانه سه‌ره‌تا به رێككه‌وتنێك كه وڵاتانى گرێنتیكار له ململانێى سووریا" توركیا و ئێران و رووسیا" بۆ چاودێرى دایناوه، كه‌چى به‌ره به‌ره بنكه سه‌ربازییه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه فراوان كراون.