ئەلیسا وازهێنانی راگەیاند

:: PM:02:29:19/08/2019 ‌

هاوكاتی ئامادەكارییەكان بۆ ئەلبوومە نوێیەكەی، ئەلیسای هونەرمەندی لبنانی وازهێنانی خۆی لە گۆرانی گوتن راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، ئەلیسا هونەرمەندی لبنانی لە تویتەری تایبەتی خۆی هەواڵی وازهێنانی لە گۆرانی گوتن راگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو ئەلبوومە نوێیەی ئێستە لەبەردەستی دایە و بەمزووانە بڵاوی دەكاتەوە، دەبێتە دوا ئەلبوومی گۆرانییەكانی.

ئەلیسا دەڵێ، ئامادەكاری بۆ دوا ئەلبوومم دەكەم، لەگەڵ سۆز و خۆشەویستم بۆتان ئەوە دوا ئەلبوومی كارەكانم دەبێت لە كاروانی هونەریم دا.

زیاتر گوتی "وازهێنانم بە دڵێكی غەمناكە بەڵام بە باوەڕێكی گەورەیە و چیتر ناتوانم كار بكەم لە بوارێك كە بوارێكی مافیایی دەچێت، چیتر ناتوانم بەرهەمهێن بم".

جێی باسە خاوەنی چەندان هەڵوێستی سیاسی بوێرانە بووە كە مشتومڕی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەگەرچی زۆرێك پێشوازییان لە هەڵوێستەكانی كردووە بەڵام ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن پێیان وایە هونەرمەند دەبێت بۆ خاتری جەماوەرەكەی بێ لایەن بێت و بەلای هیچ رەوتێكی سیاسی نەچێت.

ئەلیسا، ساڵی 1972 لە دایكبووە و لە ساڵی 1998 (بدی دوب) یەكەم ئەلبوومی گۆرانییەكانی بووە و بە ئەلبوومی (عایشالك) كە ساڵی 2002 گوتوویەتی، ناوبانگی دەركردووە كە ئەلبوومی سێیەمی بوو.

ئەلیسا، دەرچووی كۆلیجی زانستە سیاسییەكانە، تا ئێستە 11 ئەلبوومی گۆرانی بڵاوكردۆتەوە كە دواهەمینیان ئەلبوومی (الی كل اللی بیحبونی) بووە و چەندان ئاهەنگی لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا ساز كردووە و لە رێگەی گۆرانی و كلیپەكانی توانیویەتی 17 نازناوی هونەری لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و دنیا وەرگرێت.



وشە - فه‌رمان سادق