حكوومەت لەبارەی دامەزراندن و مووچە ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:05:09:19/08/2019 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، حكوومەت لەماوەی ئەو ماوە كەمەی كە دەست بەكاربووە 11 بڕیاری دەركردووە كە پێوەندی بە ڕێكخستنەوە و كاری فەرمانبەرێتی لە هەرێم هەبووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، جووتیار عادل گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام داو  ڕای گەیاند، لەماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم 11 بڕیار دەرچووە كە پێوەندی بە ڕێكخستنی كاروباری فەرمانبەران هەبووە.

ڕوونیشی كردەوە كە حكوومەت سوورە لەسەر جێبەجێ‌ كردنی ئەو بەرنامەی دایناوە و داوایشی لە وەزارەتەكانی كردووە كە بەرنامەی چوار ساڵی ئایندە ئامادە بكەن.

گوتەبێژی حكوومەت گوتی، لەبارەی باشكردنی ڕەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پێشوەچوونی باشی هەیە و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا پێوەندی بەكاتەوە هەیە.

دووپاتی لەوەیش كردەوە كە بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی كوردستان جێبەجێ‌ دەكرێ‌ و جێبەجێكردنی بڕیارەكان ئەركی وەزارەتەكانە و پێویستە بەپێی یاسا مامەڵە بكەن.

جووتیار عادل دووپاتی كردەوە كە حكوومەت لەبەرنامەیدایە تەواوی ڕێككارەكان بە ئەلكترۆنی بكات و ئێستە پڕۆسەكە دەستی پێ كردووە و بە ئەلكترۆنییەكە تەواوی خزمەتگوزارییەكان دەگرێتەوە.

لەبارەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد، لەپێشینەی كارەكانی حكوومەت پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانە و ئێستە حكوومەتی عێراق تەنیا مووچەی 682 هەزار فەرمانبەر خەرج دەكات ئەوەیش كێشەیە ڕووبەڕووی حكوومەت دەبێتەوە و لە كاتی خۆی مووچە دەدەین. دڵنیاییشی دایە فەرمانبەرانی كوردستان لەكاتی خۆیدا مووچە دەدرێ‌.

گوتەبێژی حكوومەت لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ گوتی، حكوومەت بیر لە پلانی تر دەكاتەوە بۆ دامەزراندنی دەرچووان و گرنگی بە كەرتی تایبەت دەدرێ‌ و ئێستە هەشت بڕیار لە وەزارەتی پەروەردە دەرچووە كە بەڕوونی ئاماژە بە دامەزراندنی دەرچووان دەدات لە كەرتی تایبەتی پەروەردە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم