ڕاگەیەندراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:07:50:19/08/2019 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا داوا لە حكوومەتی توركیا و چەكدارانی پەكەكە دەكەن نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان. 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 19ی ئاب، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردمانی فڕۆكەكانی توركیا لە بناری قەندیل چەند هاووڵاتییەك برینداربوون و زیانی مادیشی لێكەوتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا  هاوخەمی لەگەڵ زیانلێكەوتووانی ئەو ناوچەیە دەردەبرێت و نیگەرانە لەو بۆردمانە، داواش دەكات سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بپارێزێرێت و نابێت هاووڵاتیانی هەرێم ببنە ئامانجی بۆردمان.

حكوومەت لەهەمانكاتدا داوا لە چەكدارانی پەكەكە دەكات ڕەچاوی دۆخی ھاووڵاتییانمان و تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بكەن و  چیتر نەبنە هۆكاری زیانگەیاندن بە ھاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم