دەرزی بۆ ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان دابین كرا

:: AM:09:02:20/08/2019 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، دوای نەمانی دەرزی بۆ چەند مانگێك لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، دەرزی دژە گزاز دابین كراوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئاب، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دەرزیی ATS دژە گزاز (Anti-Tetanus) بۆ سەرجەم نەخۆشخانەكان و فریاكەوتنەكان لە هەرێمی كوردستان دابین كرا.

گوتەبێژەكەی تەندروستی ڕوونی كردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت پێكوتەی ATS دژە گزاز (Anti-Tetanus) دابین كرا بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و فریاكەوتنەكان لە هەرێمی كوردستان كە لە ماوەی چەندان مانگدا نەمابوو كە بۆ بەكارهێنانی بۆ نەخۆشانی بریندار (رووداوی هاتوچۆ و فیشەك و برینی ئاسن و بزمار و برینی قووڵ... هتد) بەكار دێت.

باسی لەوەش كردووە، ئێستە سەرجەم نەخۆشخانەكان دەتوانن لە كۆگاكانی دەرمانی پارێزگاكان وەریبگرن.

دابینكردنی ئەو دەرزییە لە كاتێكدایە پێشتر بەشێكی زۆری هاووڵاتییان گلەییان هەبوو لە نەمانی بەشێك لە چارەسەری خێرا لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن.




وشە - رامیار جەواد