كاتی پێدانی شوقە بە كرێچی ڕاگەیەنرا

:: AM:10:58:20/08/2019 ‌
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، دابەشكردنی شوقەكانی كرێچییان بە شەفافی بەڕێوە دەچێت و هیوادارین كرێنشینان سوودی لێ وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی ئاب، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كاری پڕۆژەكانی شوقەی كرێچییان بەباشی بەڕێوە دەچێت و هیواداراین خەڵكی كەمدەرامەت سوود لەو پڕۆژەیە وەربگرن و ببێتە هاوكارییەكی باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە ڕای گەیاند، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە، هیوادارین سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ئەو پڕۆژەیە، لە كۆتایی ئەمساڵدا تەواو بێت كە سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و ڕێگەوبان و بەستنەوەی پڕۆژەكە بە شەقامی سەرەكییەوە لە خۆ دەگرێت.

ڕوونی كردەوە، دابەشكردنی شوقەكانی ئەو پڕۆژەیە بە پرۆسەیەكی شەفافدا تێدەپەڕێت، ئەو كاتە بە بەرچاوی هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەكان و داودەزگاكان پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت و هاووڵاتییان تێیدا سوودمەند دەبن.

شوقەی كرێچییانی هەولێر دەكەوێتە نێوان شارۆكەی بنەسڵاوە و شارەدێی درەتووی سەربە پارێزگای هەولێر.

له‌ ساڵانی پێش ته‌نگژه‌ی دارایی 2014، حكوومه‌تی هه‌رێمی پرۆژه‌یه‌كی فراوانی دروستكردنی شوقه‌ی راگه‌یاند له‌ پارێزگه‌كانی كوردستان، ژماره‌كیان ته‌واو كران و به‌ بڕی نۆ هه‌زار دۆلار و به‌ قیستی درێژخایه‌ن درا به‌ كرێچی. به‌ڵام سه‌تان له‌و باڵه‌خانانه‌ كه‌ به‌شێكی تری پرۆسه‌كه‌ بوون ته‌واو نه‌كراون و چه‌ند مانگێكه‌ كار بۆ ته‌واوكردنیان ده‌كرێ، كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌.


وشە - رامیار جەواد