ئۆپۆزسیۆنى توركیا له‌ دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانى هه‌ده‌په‌ هاته‌ده‌نگ

:: PM:03:03:20/08/2019 ‌
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى له‌نده‌نى ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ دوورخستنه‌وه‌ى سێ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كه‌ى توركیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌ردۆغانه‌ له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان و گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیایش ده‌ڵێ "ئه‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌ زه‌برێكه‌ له‌ دیموكراسى ده‌درێت و ده‌گات به‌ ئاستى فاشیزم".

به‌ره‌به‌یانى دوێنێ هێزه‌كانى توركیا چوونه‌ ناو باڵه‌خانه‌ى شاره‌وانى وان و مێردین و ئامه‌د. دواتریش هه‌ر سێ سه‌رۆكى شاره‌وانییان دوورخسته‌وه‌ و كه‌سانى تریان له‌ شوێنى ئه‌وان دانا. دواتریش هێزه‌كانى توركیا ده‌ستیان كرد به‌ گرتنى سه‌تان كه‌س لە لایه‌نگرانى هه‌ده‌په‌، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى كاردانه‌وه‌ و ناڕه‌زایى لێ كه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت هه‌ر یه‌كه‌ له‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێك پۆسته‌كانیان به‌ده‌ست هێناوه‌ هێشتا پێنج مانگ به‌سه‌ر ته‌مه‌نى تێنه‌په‌ڕیوه‌.

وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا هه‌ر زوو راگه‌یەندراوێكى فه‌رمى له‌باره‌ى ئه‌و رووداوه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و گوتى دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وان پێوه‌ندى به‌ كه‌یسى تیرۆره‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌وانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ده‌په‌ و ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌یش ئه‌م تۆمه‌ته‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

 به‌ڵام میدیاكانى توركیا چه‌ند تۆمه‌تێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیاوه‌، ئاراسته‌ى ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ ده‌كرێت. له‌وانه‌ پێوه‌ندییان به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ناشتنى "تیرۆریستان" به‌شداریان كردووه‌ و سه‌ردانى گۆڕه‌كانیان كردوون، شه‌قام و باخچه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كانیان به‌ناوى ئه‌ندامه‌ گیراوه‌كانى په‌كه‌كه‌ كردووه‌ و هه‌روه‌ها كه‌سوكارى نزیك له‌ خۆیان دامه‌زراندووه‌.

له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌ده‌په‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا به‌ "کودەتایه‌كى سیاسى نوێ "وه‌سف ده‌كات و به‌ڵێنى ئه‌وه‌ ده‌دات له‌و كارانه‌ بێده‌نگ نابێت. هه‌ده‌په‌ له‌باره‌ى تۆمه‌ته‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا ده‌ڵێ "ئه‌مه‌ کودەتایه‌كى سیاسى نوێ و روونه‌، هه‌نگاوێكى دوژمنكاریانه‌ دژى ویستى سیاسى گه‌لى كورد".

جیا له‌ كاردانه‌وه‌كانى ده‌ره‌وه‌ له‌ناوخۆى توركیایش ئه‌و رووداوه‌ى دوێنێ ده‌نگدانه‌وه‌ و ناڕه‌زایى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و كۆى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌دژى رێكاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ره‌خنه‌یان گرتووه‌، دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا دژى دیموكراسییه‌. 

جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌وان به‌ مافى خۆیان ده‌رچوون، رووداوه‌كه‌ى دوێنێ پاشخانێكى خراپى هه‌یه‌ و هه‌مان كار پێشتر له‌ توركیا ئه‌نجام دراوه‌ و ئه‌مه‌یش مه‌ترسییه‌كه‌ زیاتر ده‌كات. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ پێشتر نزیكه‌ى 40 سه‌رۆك شاره‌وانى كورد له‌ پۆسته‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تى کودەتا، كه‌چى ده‌زانرێ کودەتاكه‌ى ته‌مووزى 2016 هیچ پێوه‌ندییه‌كى به‌ كورده‌كانه‌وه‌ نه‌بوو.
 
رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركى له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ "لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا به‌ بڕیارێك ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ى دوورخستووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2016 له‌ دواى کودەتاكه‌ ده‌رچووه‌، كه‌چى ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 31ى ئادارى ئه‌مساڵ براوه‌ بوون".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى له‌نده‌نیش ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئاستى بردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رۆك شاره‌وانییانه‌ به‌ زۆرینه‌ بووه‌ له‌وانه‌ عه‌دنان سه‌لجوق سه‌رۆكى شاره‌وانى ئامه‌د له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ 63 % ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێنابوو، ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكى شاره‌وانى مێردین 56% ى ده‌نگه‌كان و به‌دیعه‌ ئۆزگوكچه‌ ئه‌رتان سه‌رۆكى شاره‌وانى وانیش 54%  ده‌نگه‌كانى  به‌ده‌ست هێنابوو.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له‌ راپۆرته‌كه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ى له‌ توركیا رووده‌دات هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى ئاكپارتى و سه‌رۆكه‌كه‌یه‌تى له‌ دیموكراسى، ته‌نیا دووباره‌كردنه‌وه‌ى سیناریۆى رووداوه‌كانى ساڵى 2016 یه‌. 

 له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" كه‌ لە له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، باس له‌ هه‌ڵوێستى ئۆپۆزسیۆنى توركیا ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تى پارتى گه‌لى كۆمارى كه‌ به‌ جه‌هه‌په‌ ناسراوه‌، چونكه‌ ئه‌و پارته‌ گرنگترین پارتى ئۆپۆزسیۆنه‌ و هه‌ر ئه‌و پارته‌یش بوو توانى له‌ هه‌ڵبژاردنى ئادارى رابردوو سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى شاره‌ گه‌وره‌كان له‌ده‌ست ئاكپارتى ده‌ربهێنێ.

 وه‌لى ئه‌غبابا جێگرى سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ له‌ تویتێك ده‌ڵێ "دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانییه‌كان زه‌برێكه‌ له‌ دیموكراسى ده‌درێت و ده‌گات به‌ ئاستى فاشیزم" جێگرى سه‌رۆكى جه‌هه‌په‌ داوا له‌ ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵوى سه‌رۆكى شاره‌وانى ئیستانبۆڵ ده‌كات ره‌خنه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى توركیا بگرێت. چونكه‌ ئیمامئۆغڵو یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانى پارته‌كه‌ى و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسى گه‌نج له‌ توركیا ده‌ركه‌وتووه‌.

 ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو كه‌ له‌مانگى نیسانى رابردوو خۆیشى ئه‌زموونى دوورخستنه‌وه‌ى بینیوه‌ و له‌دژى بردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردن له‌ ئیستانبۆڵ دووباره‌ كرایه‌وه‌، له‌ تویتێكدا له‌ باره‌ى رووداوه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كان نووسیویه‌تى "ره‌تكردنه‌وه‌ى ویستى گه‌ل كارێكى قبوڵكراو نییه‌".

  




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل