گرووپە بەرگریكارانی مووسڵ چاوەڕوانی سەعاتی سفرن

:: PM:04:06:16/10/2016 ‌

بەرگریكارێك لە دژی داعش لە ناو مووسڵ دەڵێت كە ئەوان چاوەڕوانی ئاماژەی دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ و جووڵانەوەی هێزە بەشدارەكانن، كە سەعاتی سفری راپەڕینی خۆیان لە ناوەخۆی مووسڵ لە دژی داعش رادەگەیەنن، دووپات دەكاتەوە كە داعشەكان لە ترسدا دەژین و وەریان بەتەواوەتی رووخاوە. 

نیك باتون واڵش پەیامنێری "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكایی كاتێك دەگاتە نزیك شاری مووسڵ، باوەڕی نەكرد كە شارەكە بەو قەبارە بەوێرانكراوی ببینێت، چونكە ئەو وێنەی پێشتری شارەكەی بینیبوو. 

واڵش كە لە نزیك مووسڵ وەستا و بە مۆبایل لەگەڵ شەڕوانانی بەرگریكار لە ناو شارەكە بە نهێنی قسەی كرد، دەڵێت كە مووسڵم وەك خەڵاتێكی دوور و داپۆشراو بە تۆزوخۆڵ بینی، هاووڵاتییان دیار نەماون و داعشەكانیش خۆیان بۆ جەنگێك ئامادە كردووە كە پێویستە لەم چەند رۆژەدا روو بدات.

ئەو دەڵێ كە ژیانی ئاسایی لەگەڵ هاتنی داعش لەو شارەدا نەماوە، ئێستە چالاكان جموجۆڵیان زیاتر كردووە، چونكە دەزانن كە كۆتاكەی كاتی هاتووە و ئەوەش هانی داون كە وێنە و ڤیدیۆی ناو مووسڵ رەوانە بكەن.

والش ئاماژە دەكات كە پیتی "م" كە بەمانای بەرگری دێت و مەبەست لێی ئەو شۆڕشگێڕانەن كە لە ناوەخۆی مووسڵن و تا ئێستە چەندان چالاكییان ئەنجام داوە، ئەوان یەكیان گرتووە و بوونەتە مۆتەكەی داعش.

ئەو دەڵێت كە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی نهێنی لەگەڵ ئەندامی یەكێك لەو گرووپە بەرگریكارانەی مووسڵ دواكەوتنی دەستكردن بە راپەڕینی خۆیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە چاوەڕوانی جموجۆڵی هێزەكانی بەشدارن لە جەنگی مووسڵ.

ئەو دووپاتی كردەوە كە ئەوان چاوەڕوانی گەیشتنی پاڵپشتی بۆ نزیك گەڕەكەكانی مووسڵ دەكەن، چونكە چەكەكانیان تا ئێستە سادەن بە بەراورد بە تواناكانی داعش.



لەبارەی دۆخی داعش لە مووسڵ، رای گەیاند كە ئەوان ترس دایگرتوون و تەنیا شەوانە جموجۆڵ دەكەن و رۆژهەڵاتی شارەكەی بەرەو رۆژئاوا جێ هێشتووە، ئەوان دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە، بەهەمان شێوەی یەكەم جار هاتن بۆ مووسڵ، جیا لەوەش ئێستە پشت بە شەڕوانی ئافرەت دەبەستن بۆ پشكنین.

ئەو پەیامنێرەی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرگریكاران دووپاتی دەكاتەوە كە چەكدارانی داعش وا هەست دەكەن كە گەمارۆ دراون و كاتی هەڵكوتانە سەریان زۆر نزیك بووەتەوە. 

سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی رای گەیاند كە كە بەرەبەیانی سبەی دووشەم هێرشكردن بەرەو مووسڵ لە چوار قۆڵەوە بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپا و دژەتیرۆری عێراق و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و پۆلیسی فیدراڵ دەست پێ دەكات و لەلایەن فڕۆكەی سەربازی هاوپەیمانانەوە پاڵپشتی ئاسمانی دەكرێن.   

دوێنێ عەمید محەمەد حەسەنێن لامی ئەفسەر لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا ئاماژەی كرد كە ژمارەی ئەو هێزانە كە لە قۆڵەكانی باشوور و باكور و رۆژهەڵاتی شارەكە كۆ بوونەوتەوە و چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەن، گەیشتووەتە 140 هەزار شەڕوان. 

پێنجشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا بەمەبەستی دیاریكردنی سەعاتی سفری جەنگی مووسڵی كۆ بووەوە، بڕیاریش درا بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر و هۆزەكانی مووسڵیش لە ئازادكردنەوەی دەشتی نەینەوا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا ئەو هێزانەی لە جەنگەكە بەشدارن، بریتین لە فیرقەكانی 17 و 15ی سوپای عێراق و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لیوای زریپۆش و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی ناوەخۆیی پارێزگەی نەینەوا بۆ پاراستنی ئاسایش لە دوای ئازادكردنەوە.

هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی ئامادەبوونی هێزە بەشدارەكان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد بۆ دەست پێكردنی جەنگەكە كە بێجگە لە هێزە تەناهییەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكاش بەشداری تیادا دەكەن.  

سەرچاوە: غەد پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل